کەمێک پێش ئێستا، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، شەهباز شەریف، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، کۆتاییهاتنی ململانێ سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، دوای زنجیرەیەک دانوستانی چڕوپڕی دیپلۆماسی، هەردوو وڵات گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی گشتگیر بۆ ڕاگرتنی یەکجاریی شەڕ.
شەهباز شەریف ئاشکرای کرد کە هەردوو لایەنی ئەمریکی و ئێرانی بڕیاریانداوە بە شێوەیەکی دەستبەجێ و هەمیشەیی کۆتایی بە سەرجەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان لە هەموو بەرەکاندا بهێنن، بەتایبەتی لە بەرەی لوبنان.
بڕیاریشە ڕێوڕەسمی فەرمیی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە، ڕۆژی هەینی، ١٩ی حوزەیران، لە وڵاتی سویسرا بەڕێوەبچێت.
ناوبراو لە درێژەی گوتەکانیدا ستایشی هەنگاوەکەی هەردوو وڵاتی کرد و گوتی: "سوپاسی ئەمریکا و ئێران دەکەین بۆ پابەندبوونیان بە دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسی بۆ قەیرانەکە."
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، ڕۆڵی وڵاتانی ناوچەکەی لە سەرخستنی ئەم پڕۆسەیەدا بەرز نرخاند و پێزانینی قووڵی خۆی بۆ هەوڵەکانی نێوەندگیری دەربڕی؛بەتایبەتی ڕۆڵی قەتەر لە پاڵپشتیکردنی پرۆسەکە تاوەکو گەیشتن بەم ئەنجامە.
لە هەمان کاتدا، سوپاسی تایبەتی ئاراستەی سعودیر و تورکیا کرد بۆ "بەشدارییە مەزن و کاریگەرەکانیان" لەم پرسە هەستیارەدا.
سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتووی پڕۆسەی ئاشتییەکە، شەهباز شەریف ڕوونی کردەوە کە لەگەڵ چەسپاندنی ئەم ڕێککەوتنە سەرەتاییە، نێوەندگیرەکان لەم هەفتەیەدا سەرپەرشتی و ئاسانکاری بۆ زنجیرەیەک کۆبوونەوەی چڕ دەکەن.
ئەو گفتوگۆیانەی کە بە قۆناغی پێش جێبەجێکردن دادەنرێن، دەبنە بناغەی سەرەکی بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ تەکنیکییەکان و ئامادەکاریی کۆتایی بۆ ڕێوڕەسمی فەرمیی واژۆکردنی ڕێککەوتننامەکە.