دکتۆر ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، بڕیارێکی فەرمی و کۆتایی لەبارەی دەرکردن و دوورخستنەوەی هەمیشەیی (عزل) دکتۆر عەبدولەتیف ئەحمەد (ناسراو بە عەبدولەتیف سەلەفی) لە کەرتی خوێندنی باڵا دەرکرد.
بەپێی زانیارییەکان، ئەم بڕیارەی وەزیر دوای ئەوە دێت کە ڕاپۆرتی کۆتایی ئەو لیژنە تایبەتەی پەسەند کرد کە لەلایەن سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانییەوە بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە پێکهێنرابوو.
یاسای بنکۆڵکردنی فەرمانبەران و ڕاژەی شارستانی ئاماژە بەوە دەکات کە سزای "عزل کردن" قورسترین سزای کارگێڕییە و بە واتای دوورخستنەوەی هەتاهەتایی و کۆتاییهێنان بە ڕاژەی فەرمانبەر یان مامۆستای زانکۆ دێت لە سەرجەم دامەزراوە حکومییەکاندا، بە جۆرێک کە لە داهاتووشدا مافی دامەزراندنەوە یان گەڕانەوەی بۆ سەر کارەکەی لە چوارچێوەی میلاکی گشتیدا نابێت.
تاوەکو ئێستا لایەنە فەرمییەکان و سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی دەقی تەواوی ڕاپۆرتەکە و ئەو تۆمەت و هۆکارە وردانەیان بڵاونەکردووەتەوە کە بوونە بنەمای دەرکردنی ئەم بڕیارە توندە کارگێڕییە.