کاتێک باس لە ململانێ و جەنگەکان دەکرێت، ژمارەکان تەنها وێرانکاریی نیشان نادەن، بەڵکو ئەو دەرفەتە زێڕینانەمان بیردەخەنەوە کە مرۆڤایەتی لەدەستی دەدات.
مەعروف مەجید، سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە دەڵێت، تێچووی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران، کە بە نزیکەی 75 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، دەکرێت نەخشەی گۆی زەوی لە "بیابان و دوکەڵەوە" بگۆڕێت بۆ "بەهەشتێکی سەوز".
دەشڵێت، ئەوەی باسی دەکەین، تەنها لایەنی ژینگەی لێکدراوەتەوە، دەکرێ بۆ هەموو سێکتەرەکانی دیکەی ژیان هەمان شیکاری بکرێت.
ئەگەر ئەم پارە و تێچووی جەنگ بۆ ژینگە بوایە، ژمارەکان بەم شێوەیە دەبن:
1 - کۆتاییهێنان بە تینوێتی جیهانی
بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە تەنها 30 ملیار دۆلار دەتوانرێت کێشەی ئاوی خواردنەوەی پاک، بۆ هەموو ئەو مرۆڤانە چارەسەر بکرێت کە لە جیهاندا بێبەشن لێی، بە 75 ملیار دۆلار، دەتوانرێت:
سیستمی ئاودێری بۆ ملیۆنان هێکتار زەوی وشک بگوڕدرێت.
وێستگەی زەبەلاحی شیرینکردنی ئاوی دەریا لەو وڵاتانە دروست بکرێت کە بەدەست وشکەساڵییەوە دەناڵێنن.
2 – سەوزکردنەوەی سەحرا و ڕاگرتنی بیابانبوون
تێچووی چاندنی ملیارێک دار نزیکەی دوو ملیار دۆلارە.
بە 75 ملیار دۆلار دەتوانرێت:
37 ملیار و 500 ملیۆن دار بچێنرێت.
ئەم بڕە دارە دەتوانێت "دیواری سەوزی مەزن" لە ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەواو بکات و ڕێگریی لە گۆڕانی زەوی بۆ بیابان بکات".
3 - پاککردنەوەی تەواوەتی زەریاکان
پاشماوەی پلاستیک گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر ژیانی ناو دەریا.
بە تەنها پێنج بۆ 10 ملیار دۆلار، دەتوانرێت تەکنەلۆژیای "پاککەرەوەی زەریاکان" لە هەموو خاڵە جیهانییەکاندا جێگیر بکرێت.
بەمەش زەریاکان لە ملیۆنان تۆن پلاستیک پاک دەبنەوە کە ساڵانە دەبنە هۆی کوشتنی نەهەنگ و باڵندە دەریاییەکان.
4 - شۆڕشی وزەی خۆر لە وڵاتانی هەژار
زۆرێک لە وڵاتانی جیهانی سێیەم، هێشتا خەڵوز و نەوت بۆ کارەبا بەکاردێنن.
بە 75 ملیار دۆلار دەتوانرێت 75 هەزار مێگاوات وزەی خۆر بەرهەم بهێنرێت.
ئەمە یەکسانە بە دابینکردنی کارەبای پاک بۆ زیاتر لە 10 وڵاتی مامناوەند، کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ملیۆنان تۆن لە غازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە ژینگەدا.
5 - پاراستنی جۆرە دەگمەنەکان (Biodiversity)
بودجەی پێویست بۆ پاراستنی هەموو ناوچە سروشتییە گرنگەکانی جیهان (Hotspots) ساڵانە نزیکەی حەوت ملیار دۆلارە.
ئەم 75 ملیارە دەتوانێت بودجەی 10 ساڵی پاراستنی هەموو دارستانە کەمەرەییەکان و ئاژەڵە لەناوچووەکانی جیهان دابین بکات.
کورتەیەک بە ژمارە:
ئەگەر ئەم 75 ملیار دۆلارە بۆ ژینگە خەرج بکرایە:
پلەی گەرمی زەوی، دەتوانرا بە ڕێژەیەکی بەرچاو خاو بکرێتەوە.
کەمیی ئاو، لە جیهاندا بە ڕێژەی 90% کەمی دەکرد.
دارستانەکان، ڕووبەری سەوزایی جیهان بە ڕێژەی 5% زیادی دەکرد.
لە کاتێکدا، بودجەی ساڵانەی گەورەترین ڕێکخراوی ژینگەیی جیهان (UNEP) تەنها نزیکەی 700 ملیۆن دۆلارە. ئەمە واتە تێچووی ئەم جەنگە یەکسانە بە بودجەی 100 ساڵی هەموو چالاکییە ژینگەییەکانی جیهان!