ڕاستەوخۆ

16 ساڵ بەسەر تیرۆرکردنى ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان تێدەپەڕێت

reset font size increase font size

سه‌رده‌شت عوسمان لە ڕۆژى 25ـى کانونی یەکەمی ساڵی 1987 لە گەڕەکی کرێکارانی شاری هەولێر لە دایکبووە و دەیەمین منداڵى خێزانەکەیەتی. سەردەشت له ‌ته‌مه‌نی‌ پێنج ساڵیدا وەک گوێگر چووەتە خوێندنگەى نیگاری‌ سه‌ره‌تایی ‌تێكه‌ڵاو له ‌گه‌ڕه‌كەکەیان‌، بەڵام بەهۆى زیره‌كیەوە مامۆستایانی به‌ده‌رچوو ئه‌ژماریان كرد.

سەردەشت پله‌كانی‌ خوێندی‌ سه‌ره‌تایی‌ و ناوەندیى و ئامادەیی به ‌سه‌ركه‌وتویی ته‌واو كرد‌ و پاشان له ‌به‌شی‌ ئینگلیزی‌ كۆلیژی‌ زمانی‌ زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین ‌وه‌رگیرا‌ و کاتێک تیرۆر کرا خوێندکاری دواقۆناغی ئەو بەشە بوو.

سەردەشت لە ماوەی قۆناغەکانى خوێندنی ناوەندیی و ئامادەیی، سودی لە پشوی هاوین وەردەگرت و کاری تێدا دەکرد، بۆ ئەوەی پێداویستیەکانی خوێندن و ژیانى خۆى دابین بکات، بە جۆرێک لە سەرەتای دروستکردنی پارکی هەولێر وەک کرێکار کارى تێدا کردوە.

سەردەشت عوسمان بە بابەتە ڕەخنەییە توندەکانی دژی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان ناسراو بوو، بەو تەمەنە کەمەوە گوتاری ڕەخنەیی دژی دەسەڵاتداران دەنوسی و باسی لەو جیاوازییە چینایەتییە دەکرد لەنێو کۆمەڵگەی کوردی دروست بووە، کە دەسەڵاتداران و منداڵەکانیان هەموو شتێکیان هەیە و خەڵکیش لە دۆخێلکی دژواردایە.

بە گوێرەی گوتەى کەسوکارەکەى، سەردەشت عوسمان لەلایەن چەند کەسێکەوە هەڕەشەی کوشتنی لێکرابوو، پاشان بابەتێکی بە ناونیشانی "یەکەمین زەنگی کوشتنم لێیدا" بڵاوکردەوە، تێیدا داوا لەو کەسانە دەکات کە هەڕەشەیان لێکردووە "مەرگێکی شایستەی ژیانە تراژیدیەکەی" پێببەخشن.

سەردەشت عوسمان ڕۆژی 4-5-2010 لەلایەن ژمارەیەک چەکدارەوە لەناو زانکۆى سەڵاحەدین لە هەولێر ڕفێندرا و کاتژمێر شەشی ئێوارەى ڕۆژى دواتر تەرمەکەى لە سەر شۆستەیەک لە شەقامی”حی مەزارع” نزیک “شەقامی دۆمیز” لە شاری موسڵ دۆزرایەوە.

لە پاش 16 ساڵ تێپەڕبوون بەسەر تیرۆرکردنى ڕۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان، بەڵام تا ئێستا بکەرانى ئەو تاوانە ئاشکرا نەکراون و ئەوەش ناڕەزایەتى و نیگەرانیی لاى ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانان دروست کردووە. سەردەشتیش بووە بە ڕەمزی ئازایەتی و بوێری لە کوردستان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.