یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) لە ڕۆژاڤای کوردستان، وەک هێزێکی پێشەنگ لە پاراستنی ئیرادەی ژنان، پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێی خەباتەوە کە تێیدا چەسپاندنی مافە دەستوورییەکانی ژنان و بونیادنانی سوریایەکی دیموکراتیک دەبنە چەقی ستراتیژیی کارکردنی.
یەپەژە، لە 4ـی نیسانی ساڵی 2013 دامەزرا. لە ماوەی 13 ساڵی ڕابردوودا وەک هێزێکی کاریگەر و خاوەن ناسنامە، هاوسەنگییە سەربازییەکانی ناوچەکەی گۆڕی. ئەم هێزە لە جەرگەی شۆڕشی ڕۆژاڤاوە سەریهەڵدا، توانی لە ڕێگەی تێکشکاندنی داعش لە کۆبانێ و ڕەقە، دەنگی خۆی بگەیەنێتە جیهان.
مێژووی یەپەژە بە دامەزراندنی یەکینەکان، لە عەفرین و کۆبانێ و جەزیرە دەستی پێکرد و لە ڕێگەی ئەکادیمیایی هزریی و سەربازییەکانەوە، لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕەگ و ڕیشەی داکوتا.
لە ئێستادا کە قۆناغی سیاسیی سوریا بەرەو ئاڕاستەیەکی نوێ دەچێت، یەپەژە وەک هێزێکی سەرەکی لە پاراستنی دەستکەوتەکان دەمێنێتەوە. هەرچەندە ئێستا باس لە تێکەڵکرنی هێزەکان دەکرێت، بەڵام یەپەژە سورە لەسەر پاراستنی هێزەکانی بە شێوەکی سەربەخۆ.
هاوکات، یەپەژە لە ئێستادا لەگەڵ حکومەتی کاتیی سوریا خەریکی دیالۆگی سیاسییە بۆ مسۆگەرکردنی پێگەی هێزەکانی و هەروەها پێگەی ژنان لە داهاتووی سوریایەکی دیموکراتیک دا.