سوپای مەکسیک کوژرانی نەمیزیۆ ئۆسێگێرا سێرڤانتێس، ناسراو بە ئێل مێنچۆ، سەرۆکی گەورەترین و مەترسیدارترین باندی بازرگانیی مادەهۆشبەرەکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاند.
وەزارەتی بەرگریی مەکسیک لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، هێزە تایبەتەکان بە هاوکاری ئاژانسە هەواڵگرییەکان و بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا، ئۆپراسیۆنێکی گەورەیان لە شارۆچکەی تاپالپا لە ویلایەتی خاڵیسکۆ ئەنجامدا، لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا پێکدادانی توند روویدا و ئێل مێنچۆ سەرۆکی گەورەترین و مەترسیدارترین باندی بازرگانی مادەهۆشبەرەکانی وڵاتەکە بە سەختی برینداربوو، دواتر لە کاتی گواستنەوەی بە فڕۆکە بۆ مەکسیکۆ سیتی، گیانی لەدەستدا.
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، لایەنگرانی ئێل مێنچۆ لە چەندین ویلایەتی جیاوازی مەکسیک دەستیان بە هێرشی تۆڵەسەندنەوە، سووتاندنی ئۆتۆمبێل و داخستنی رێگاکان کردووە، حکومەتی مەکسیک هێزی زیاتری رەوانەی ویلایەتی خاڵیسکۆ کردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، لە کاتێکدا مەترسیی هەیە ئەم توندوتیژییانە پەرەبسێنن و ببنە شەڕێکی ناوخۆیی درێژخایەن لەنێوان باندەکان و سوپای وڵاتەکەدا.