تەقینەوەی مینێکی بەجێماوی جەنگی نێوان ئێران و عێراق لە ناوچە سنوورییەکانی سەر شاری سەقز، بووە هۆی گیانلەدەستدانی گەنجێک. ڕووداوەکە لە کاتێکدایە، ناوچە سنوورییەکان هێشتا بەدەست مەترسییەکانی پاشماوەی جەنگەوە دەناڵێنن.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی بە نووچە تیڤی گەیشتووە، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو گەنجێکی خەڵکی گوندی خوڕخوڕەی سەر بە سەقز بە ناوی پەیمان ڕەحمانپوور، لە کاتی لەوەڕاندنی ئاژەڵ بەهۆی تەقینەوەی مینێکەوە گیانی لەدەستداوە.
ئەو گەنجە تەمەنی 21 ساڵ بووە و لە یەکێک لە ناوچە سنوورییەکاندا تووشی ئەم ڕووداوە بووە.
جێی ئاماژەیە مانگێک پێشتر لە هەمان ناوچە هاوڵاتییەکی دیکە بە ناوی پەیمان ڕەحمانپوور لە ڕووداوێکی هاوشیوەدا گیانی لەدەستدا.
بە گوێرەی زانیارییەکان، سەرەڕای تێپەڕبوونی چەندین دەیە بەسەر کۆتاییهاتنی جەنگی نێوان ئێران و عێراق، هێشتا مین و تەقەمەنییە نەتەقیوەکان لە زۆربەی ناوچە سنوورییەکانی کوردستاندا وەک هەڕەشەیەکی جددی بۆ سەر ژیان و ئاسایشی هاوڵاتییان ماونەتەوە و ساڵانە قوربانی نوێ دەخەنەوە.