بە بۆنەی 4ـى نیسان، ڕۆژی لەدایکبوونی عەبدوڵڵا ئۆجالان و 22 یەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، گەریلاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان مەراسیمێکیان ڕێکخست و جەختیان لەسەر ئامادەیی هێزەکانیان بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد کردەوە.
یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) و هێزەکانی پاراستنی ژنان (هەپەژە)، ڕێوڕەسمێکیان بە بۆنەی ڕۆژبوونی عەبدوڵڵا ئۆجالان و هەروەها 22یەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی پژاک ساز کرد. ڕێوڕەسمەکە بە نمایشێکی سەربازی دەستی پێکرد و تێیدا پەیمان ڤیان، هاوسەرۆکی پژاک، لێدوانێکی پێشکەش کرد.
پەیمان ڤیان لە لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، دامەزراندنی پژاک لەسەر بنەمای فکری ئۆجالان، وەرچەرخانێکی مێژوویی بووە لە تێکۆشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا. هەروەها باسی لەوەکرد، ئێستا پژاک لە هەموو کاتێک بەهێزترە و ترسی ڕژێمی ئێرانیش لەو هێزە ڕێکخراوەیە کە لەناو گەلدا ڕەگی داکوتاوە.
هەروەها گوتی: "ئەرکی سەرەکیمان لەم قۆناغەدا گەرەنتی کردنی ماف و ستاتۆی گەلەکەمانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان."
سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، هاوسەرۆکی پژاک ڕایگەیاند، هێزەکانیان لە هەر ئەگەرێکدا ئامادەی پاراستنی گەلن. پەیمان ڤیان، ساڵی 2026ـى وەک ساڵی ئازادی و سەرکەوتن ناوبرد و جەختی کردەوە کە تەنها ناسنامەی ئازاد و خۆبەڕێوەبەریی کورد لە چوارچێوەی ئێرانێکی دیموکراتیکدا دەتوانێت ئاشتی بۆ ناوچەکە بهێنێت.
ڕێوڕەسمەکە بە سرودی شۆڕشگێڕی، نمایشی فۆلکلۆری و بەرزکردنەوەی دروشمە جیاوازەکان کۆتایی هات.




