وەیسی ئاکتاش لە میهرەجانی ئامارا ڕایگەیاند: "ڕێبەر ئاپۆ پێشتر پەیامی بۆ مەسعود بارزانی ناردبوو و داوای لێکردبوو ببێتە سەرۆکی یەکێتیی نەتەوەیی و نوێنەرایەتیی هەمووان بکات، بەڵام بەداخەوە ئەوە پێکنەهات."
دەشڵێ، گەلی کورد چاوەڕوانی ئازادیی ئۆجالان و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی سیاسییە.
میهرەجانی "ڕۆژانی ئامارا" بەبۆنەی 77ـەیەمین ساڵڕۆژی لەدایکبوونی عەبدوڵڵا ئۆجالان، دامەزرێنەری پەکەکە بە دروشمی "بەرەو یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتیک بە ڕێبەرایەتیی ئازاد" لە پارکی 4ی نیسان لە ناوەندی خەلفەتی بەردەوامە.
لەم چوارچێوەیەدا، وەیسی ئاکتاش کە بۆ ماوەی 10 ساڵ لە زیندانی ئیمرالی لەگەڵ ئۆجالان ماوەتەوە، گوتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند، ئۆجالان بوێرییەکی گەورەی بۆ چارەسەری پرسی کورد نیشان داوە و ئێستا کاتی ئەوەیە دەوڵەت هەنگاوی کردەیی بنێت.
ئاکتاش جەختی کردەوە، قۆناغی داهاتوو دەبێت قۆناغی دانوستانی یەکسان و ئازادیی جەستەیی ئۆجالان بێت، چونکە ئەمە داواکاریی سەرەکیی گەلە لە نەورۆزی ئەمساڵدا.
ئاکتاش لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە هەوڵەکانی ئۆجالان بۆ یەکێتیی نەتەوەیی کرد و گوتی: "ڕێبەر ئاپۆ پێشتر پەیامی بۆ مەسعود بارزانی ناردبوو و داوای لێکردبوو ببێتە سەرۆکی یەکێتیی نەتەوەیی و نوێنەرایەتیی هەمووان بکات، بەڵام بەداخەوە ئەوە پێکنەهات."
هەروەها داوای کرد، دەستبەجێ یاسای نوێ دەربچێت بۆ ئەوەی ڕێگە بۆ بەشداریی سیاسیی گەریلای سەر چیا، کوردانی ئەوروپا و زیندانیانی سیاسی خۆش بکرێت.