خاوەن فرۆشگەکان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایانگەیاند، بەهۆی پەککەوتنی دەوامی ناوپۆل، زیانێکی دارایی زۆریان بەرکەوتووە و داوا لە وەزیری پەروەردە دەکەن میکانیزمێکی خێرا بۆ قەرەبووکردنەوەیان بدۆزێتەوە.
ئاماژەیان بەوەشکرد، کە ئەوان لەسەر بنەمای لێدوانەکانی پێشووی وەزیری پەروەردە، کە بڕیاربوو ڕۆژی 29ـی ئازار دەرگای خوێندنگەکان بکرێتەوە، سەرجەم فرۆشگەکانیان پڕکردووەتەوە لە پێداویستی و خواردەمەنی. بەڵام دواتر گۆڕینی بڕیارەکە بۆ خوێندنی ئۆنلاین، بووەتە هۆی ئەوەی هەموو ئەو کاڵایانەی کڕیویانە لە فرۆشگەکاندا بمێنێتەوە و مەترسی بەسەرچوونیان لەسەر بێت.
سەبارەت بە قەبارەی زیانەکان، نوێنەری خاوەن فرۆشگەکان ڕایگەیاند، "هەر خاوەن فرۆشگەیەک بەگوێرەی قەبارەی قوتابخانەکەی، بڕی یەک ملیۆن تا چوار ملیۆن دینار کەلوپەل و خۆراکی کڕیوە. ئێستا کە دەوام نییە، کەس نییە ئەو کاڵایانەمان لێ بکڕێتەوە و زۆربەشیان بەرواری بەسەرچوونیان نزیک بووەتەوە، ئەمەش وای کردووە ڕاستەوخۆ بکەوینە ناو زەرەرێکی گەورەی داراییەوە."
گوتیشیان، داوا لە وەزارەتی پەروەردە دەکەین چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ کێشەکەیان بدۆزێتەوە. داواکارییەکانیان خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە یان ڕێگەیەک بدۆزرێتەوە بۆ ساغکردنەوەی ئەو بەرهەمانەی کڕیویانە، یان وەزارەت بڕیاری بدات لە ساڵی داهاتووی خوێندندا قەرەبووی ئەو زیانانەیان بۆ بکاتەوە و ڕەچاوی دۆخی داراییان بکرێت، چونکە بژێوی ژیانی زۆرینەیان تەنها لەسەر ئەو فرۆشگەیانەیە.