بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان لە بڕیارێکی نوێدا ڕایگەیاند، هەناردەکردنی ئۆتۆمبێلی ژمارەکاتی بۆ دەرەوەی وڵات بەتەواوی قەدەغەدەکرێت.
بەگوێرەی ڕێنماییە نوێیەکە، لەمەودوا پێویستە سەرجەم ئەو ئۆتۆمبێلانە لە یەکێک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان بەفەرمی تۆماربکرێن و ژمارەیان بۆ بکرێت، پاشان ڕێگە بە هەناردەکردنیان دەدرێت.
"بڕیارەکە کۆمپانیاکان دەگرێتەوە و ئامانجی ڕاگرتنی هاوسەنگیی بازاڕە"
بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ کە ئاراستەی سەرجەم کۆمپانیاکانی هەناردە و هاوردەکردن کراوە، ئەو کۆمپانیایانەی ئۆتۆمبێلی ژمارە کاتی هەناردەی وڵاتانی دیکە دەکەن، ئاگادارکراونەتەوە کە چیتر بەبێ تابلۆی فەرمی ڕێگەیان پێ نادرێت.
ئامانجی سەرەکیی پشت ئەم بڕیارە، ڕێگریکردنە لە هەناردەکردنی بەلێشاوی ئۆتۆمبێلە مۆدێل بەرزەکانی وەک ٢٠٢٤، ٢٠٢٥ و ٢٠٢٦ بۆ وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەتی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران.
"گومرگی سلێمانی: هەناردەکردنی ئۆتۆمبێل نرخەکانی لە ناوخۆدا گران کردبوو"
بەپێی زانیارییەکانی گومرگی سلێمانی، لە ماوەی ڕابردوودا پڕۆسەی هەناردەکردنی ئۆتۆمبێل بە ژمارەی کاتی، کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ و نەرێنی لەسەر بازاڕی ناوخۆ دروستکردبوو و ببووە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی ئۆتۆمبێل لە ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ ئەم ڕێنماییە نوێیەی دەرکردووە تاوەکو پڕۆسەکە ڕێکبخرێتەوە، ڕێگری لە گرانبوونی زیاتری نرخەکان بکرێت و هاوسەنگی بۆ بازاڕی ئۆتۆمبێل بگەڕێتەوە.