گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران ڕایگەیاند، تاران پابەندە بە ڕێزگرتن لە سەروەریی خاک و ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ، تەنیا ئەو شوێنانە دەکاتە ئامانج کە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاردەهێنرێن.
لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی خەبەری ئێران، ئەبولفەزل شکارچی، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، لە یەکەم ڕۆژی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسراییلەوە، بڕیاریان دابوو هەر شوێنێک ببێتە سەرچاوەی هێرش بۆ سەر وڵاتەکەیان، دەیکەنە ئامانج و ئەو کارەشیان ئەنجام داوە.
جەختیشی کردەوە کە ستراتیژی وڵاتەکەیان دوورکەوتنەوەیە لە پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتانی موسڵمان و دراوسێ.
شکارچی ڕاشیگەیاند: ئەو وڵاتانەی خاک و ئیمکانیاتی خۆیان نەخستووەتە خزمەت ئەمریکا و ئیسراییل بۆ هێرشکردنە سەر ئێمە، پارێزراون و هێرش ناکرێتە سەریان. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هەڵوێستە هاوتایە لەگەڵ جەختکردنەوەکانی سەرۆک کۆمار کە پاراستنی ئاسایشی وڵاتانی ئیسلامی بە ئاسایشی ئێران دادەنێت.
لە کۆتایی قسەکانیدا، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکان جەختی لەوە کردەوە، لە بەرانبەر ئەمریکا و ئیسرائیل پاشەکشە ناکەن و وەڵامەکانیان بەردەوام دەبێت، هاوکات ئاماژەی بە بڕیارێکی ئەنجومەنی ڕێبەری کرد، کە تێیدا هاتووە ئەو وڵاتانەی نابنە دەرفەت بۆ دوژمن، لە بازنەی هێرشەکانی ئێراندا نین و ئەوانیش بەم بڕیارەوە پابەند دەبن.