کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لە ڕاگەیاندراوێکی و تونددا وەڵامی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای دایەوە سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی کورد بە بردنی چەک و بازرگانیکردن پێیانەوە، و ڕایگەیاند کە ئەم جۆرە هەڵوێستە ناڕەوایانەی سەرۆکی ئەمریکا نەک هەر بێبنەمان، بەڵکو تەواوی نەتەوەی کورد دەخەنە ناو بازنەی گومانەوە و زیانێکی قووڵ و مەترسیدار بە پەیوەندییە مێژوویی و ستراتیژییەکانی نێوان کورد و ئەمریکا دەگەیەنن.
کەنەکە جەختی لەوە کردەوە کە ترەمپ چەندین جار و بە شێوازی جیاواز ئەم جۆرە تۆمەتانەی دووبارە کردووەتەوە و بە زمانێکی زبر و توند دژی کورد دەدوێت، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ئەم هەڵوێست و ڕەفتارانە تەنیا لێدوانی سەرپێیی نین، بەڵکو بە ئاشکرا "بۆنی پیلانێکی دژەکوردی"یان لێ دێت کە ئامانج لێی ناشرینکردنی تێکۆشانی ڕەوای گەلی کوردە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، کەنەکە بە فەرمی داوای لە دامەزراوەکانی ئەمریکا کرد کە چیرۆکی "چەکدان بە کورد" و سەرچاوەی ئەو زانیارییانە بۆ ڕای گشتی ڕوون بکەنەوە.
هاوکات بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند کە تەواوی ئەو حزب، لایەن و ڕێکخراوانەی کە ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانن، بە هیچ شێوەیەک لە مامەڵەی نایاسایی و کارێکی لەو شێوەیەدا بەشدار نەبوون و نین، و وەک ناوەندی کۆنگرەکەش هیچ زانیارییەکیان لەسەر بوونی کارێکی لەو شێوەیە نییە و بە توندی هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکەنەوە کە دەخرێنە پاڵ لایەنە کوردییەکان.