کەمال کەرکوکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان ئەرکێکی نیشتمانییە و هەر پەرلەمانتارێک یان لایەنێک بایکۆتی دانیشتنەکان بکات، لە پێش خوا و گەلی کوردستاندا گوناهبار و تاوانبارە، چونکە پەرلەمان بەرهەمی خوێنی شەهیدان، ئەنفال و کیمیابارانە و هی هیچ حزبێک نییە.
کەرکوکی ئاماژەی بەوە کرد کە پەرلەمانتاران لە کاتی سوێندخواردندا دەستیان خستووەتە سەر قورئانی پیرۆز بۆ ئەوەی خزمەتی خەڵک بکەن، بەڵام ئێستا بەهۆی دەوامنەکردنیانەوە سەرپێچیی سوێندەکەیان کردووە.
ئەو داوای لە پەرلەمانتاران کرد "زنجیری حزبەکانیان بشکێنن"، بچنە ناو پەرلەمان و بەپێی ویستی خۆیان و دەنگدەرانیان ڕەفتار بکەن.
سەبارەت بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەت، کەرکوکی ڕایگەیاند کە پارتی ڕێز لە دەنگی خەڵک دەگرێت کە ٣٩ کورسیی پێداوە (یەکێتی ٢٣ کورسی، نەوەی نوێ ١٥ کورسی و یەکگرتوو ٧ کورسی).
ئەو جەختی کردەوە کە خەڵکی کوردستان زۆرینەی دەنگی بە پارتی داوە، بۆیە پارتی حکومەت پێکدەهێنێت و گوتیشی: "هەندێک لایەن لە قەبارەی خۆیان زیاتر داوا دەکەن، کە ئەمەش ڕێککەوتن لەگەڵیاندا مەحاڵ دەکات."
هاوکات سوپاسی پڕۆژەکەی پارتی سۆسیال دیموکراتی کرد بۆ نزیککردنەوەی لایەنەکان و ڕایگەیاند کە دەرگای گفتوگۆی پارتی بۆ هەر لایەنێک کراوەیە کە بیەوێت سەردانیان بکات.