بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، لە ئەمشەو و بەرەبەیاندا تاوەباران و هەورەبروسکە و تەرزە دەبێت، کەشناسێکیش دەڵێت، لە سنوری قەزای پێنجوێن بارانی بەلێزمە و تەرزە و بەفر دەبارێت.
کەشناسی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمشە و سبەی بەروارد بە ناوچەکانی دیکە کاریگەریی شەپۆلی بارانبارین لەسەر پارێزگای هەولێر و ئیدارە سەربەخۆکانی ڕاپەڕین و گەرمیان و بەشێکی کەرکوک زیاتر دەبێت.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی نزمترین پلەکانی گەرما لە حاجی ئۆمەران دەبێت بە هەشت پلە و بەرزترین پلەش لە گەرمیان دەبێت بە 22 پلەی سیلیزی.
پشتیوان پێنجوێنی، شارەزای کەشناسی لەبارەی کەشی پێنجوێنەوە هۆشدارییدا و بە نوچە تیڤی گوت، لە نیوەڕۆی سبەینێوە تا کاتژمێر 8ـی سبەی شەو، لە سنوری پێنجوێن ناو بەناو بارانبارینی بەلێزمە دەبێت و تەرزە و هەورەبروسکەی بەهێزی لەگەڵ دەبێت، پێشبینی بارینی بەفریش دەکرێت بۆ ناوچەکە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ناسەقامگیریی کەشەکەوە پێویستە هاوڵاتییانی ناوچەکە لە شوێنە بەرز و شاخاوییەکان و چەم و دۆڵەکان و ڕێڕەوەئاوییەکان دووربکەونەوە، چونکە ئاستی ئاو بەرزدەبێتەوە و لافاوی کاتیی دروست دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا داوایکرد هاوڵاتییان ئۆتۆمبێلەکانیان لە شوێنی پارێزراو ڕابگرن.