کەشتییەکی نەوتهەڵگری عێراق بە گەرووی هورمزدا تێپەڕی، ئەمەش تەنیا یەک رۆژ دوای بڕیارەکەی تاران دێت، بۆ بە دەرکردنی عێراق لە هەر جۆرە سنوردارکردنێکی هاتوچۆ لە ڕێڕەوە ئاوییەکە.
داتاکانی هەردوو کۆمپانیای (LSEG) و (Kpler) بۆ چاودێریکردنی جوڵەی کەشتییەکان ئاشکرایان کرد، کەشتییەکی نەوتهەڵگر عێراق کە بڕی یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی بەسرەی بارکردووە، بە کەناراوەکانی ئێران و گەرووی هورمزدا تێپەڕی.
بەگوێرەی پێگەی (Marine Traffic)، کەشتییەکە لە 2ـی ئازاری 2026 لە بەندەرەکانی باشوری عێراق نەوتەکەی بارکردووە، چاوەڕوان دەکرێت دوای بڕینی هەزاران کیلۆمەتر، لە ناوەڕاستی مانگی نیساندا بگاتە بەندەری "پێنگێرانگ" لە وڵاتی مالیزیا و بارەکەی خاڵی بکاتەوە.
ئەم ئاسانکارییەی ئێران بۆ هەناردەی نەوتی عێراق، لە کاتێکدایە کە تاران هەڕەشەی توند لە هاتوچۆی کەشتییەکانی دیکە دەکات، بەڵام بەغدادی وەک هاوبەشێکی "ستراتیژی و دۆست" لەو سنوردارکردنانە جیاکردووەتەوە.