هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە ڕایگەیاند، ئەنفال یەکێکە لە دڕندانەترین و ستەمکارانەترین و بەئازارترین کۆمەڵکوژییەکان لە مێژووی مرۆڤایەتییدا، کە لەلایەن ڕژێمی بەعسی عێراقەوە دژی گەلی کورد ئەنجامدرا.
دەشڵێن، ئەم کۆمەڵکوژییە نامرۆڤانەیە شەرمەزاردەکەین کە بۆ لەناوبردنی گەلەکەمان ئەنجامدرا و هاوبەشی ئازاری گەلی باشووری کوردستان و تەواوی گەلی کوردستانیانین، پێداگرین لەسەر تێکۆشان بۆ ڕزگارکردنی گەلەکەمان لە فشاری کۆمەڵکوژیی و قڕکردن و مسۆگەرکردنی ئازادی.
باسلەوەشکراوە، سەرەڕای ئەوەی ئەم هێرشانە ساڵانێک بەردەوام بوون و بە ئاشکرا ئەنجام دەدران، نە دەوڵەتان و نە دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان هیچ ناڕەزایەتییەکیان نیشان نەدا و پەیوەندییان لەگەڵ ڕژێمی ستەمکاری سەددام درێژە پێدا.
ئەوەشخراوەتەڕوو، هاوشێوەی کۆمەڵکوژییەکانی دێرسیم و دۆڵی زیلان، لە کۆمەڵکوژییەکانی ئەنفالیشدا، دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان کە لەژێر کاریگەریی دەوڵەت و هێزە هەژموونخوازەکاندا کاریان دەکرد، بێدەنگ بوون و هاندەری کۆمەڵکوژکەران بوون.
باسلەوەشکراوە، لەم ساڵیادەدا مەترسی کۆمەڵکوژی و قڕکردن لەسەر گەلی کورد هێشتا بەردەوامە و هێشتا هێزە نکۆڵیکارەکان پلانی کۆمەڵکوژی و قڕکردن دژی گەلەکەمان دادەڕێژن.
ئەوەشهاتووە، پێویستە هێزە وڵاتپارێزەکانی کوردستان ئەمە ببینن و بۆ بەدیهێنانی یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتیک هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ.
لە کۆتایدا دەڵێن، داوا لە وڵاتان و دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان دەکەین کە بەرامبەر هێرشەکانی سەر گەلی کورد بێدەنگ نەبن و ڕێخۆشکەر نەبن بۆ کۆمەڵکوژییەکان.