لە 4ـی ئایاری 1937دا، بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی تورکیا، ئۆپراسیۆنێکی سەربازی بە ناوی "قڕکردنی تونجەلی" دەستی پێکرد، بووە هۆی یەکێک لە گەورەترین کارەساتە مرۆییەکان لە مێژووی ناوچەکەدا.
بە گوێرەی سەرچاوە نافەرمییەکان، لەم کۆمەڵکوژییەدا نزیکەی 70 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە، هەرچەندە ئامارە فەرمییەکان باس لە 16 هەزار کەس دەکەن. هاوکات بە دەیان هەزار کەسی دیکە بە زۆرەملێ لە زێدی خۆیان ڕاگوێزران و بەرەو ناوچە تورکنشینەکان دوورخرانەوە.
یەکێک لە برینە قووڵەکانی ئەم کۆمەڵکوژییە، دۆسیەی ئەو منداڵە کورد، عەلەوی و ئەرمەنییانەیە کە بە زۆر لە خێزانەکانیان جیاکرانەوە و بە مەبەستی گۆڕینی ناسنامەیان، ڕادەستی خێزانە تورکەکان کران. ئەم کچانە کە لە ڕەگ و ناسنامەی خۆیان دابڕێنران، تا ئەمڕۆش بە "کچە ونبووەکانی دێرسیم" ناوزەد دەکرێن.
سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی سەدەیەک بە سەر ئەم کۆمەڵکوژییەدا، هێشتا کۆمەڵگە و دەوڵەتی تورکیا بە فەرمیی ڕووبەڕووی ئەم ڕاستییە مێژووییە نەبوونەتەوە و داوای لێبووردنیان لە گەلی کورد نەکردووە.


