ڕاستەوخۆ

کوژرانی لاریجانی، چۆن ئیسرائیل دەتوانێ بچێتە دڵی تارانەوە؟

reset font size increase font size

سەرلە بەیانی ڕۆژی 17ی ئازار، لە گەڕەکی پەردیسی تارانی پایتەخت باڵەخانەیەکی ئاسایی، لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە بۆردومان دەکرێت. هەمووان وا دەزانن، بنکەیەکی ئاسایی حکومەتە، بەڵام بێ ئاگان کە ئامانجەکە تەنها بنکەیەکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو شوێنی خۆحەشاردانی عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بوو. لەو بۆردومانەدا، لاریجانی خۆی و کوڕەکەی و چەند سەرکردە و پاسەوانێکی کوژران و تەواوی باڵەخانەکەش بەسەریاندا ڕووخا.

بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، مۆساد چۆن توانی لەناو جەرگەی تاراندا و بەم شێوەیە لاریجانی، کە بە سندوقی رەشی ئێران دادەنرێت، ڕاو بکات؟

ئەم ئۆپەراسیۆنانە بە هەڕەمەکی ڕوونادەن. بەڵکو دوای چەندین ڕۆژ چاودێریی ورد و پشتبەستن بە تۆڕێکی زانیاریی ئەلیکترۆنی ئاڵۆز، چاودێریکردنی بەردەوامی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان و هاتوچۆی کەسی بە ئامانجگیراو و لە هەمووشی وردتر، سیخوڕی ڕاهێندراو و دزەکردنی هەواڵگری لە ناوخۆدا دەزگای هەواڵگریی مۆساد ئامانجەکە وەک خۆی دەپێکێت.

ئەوەش کاتێک ڕوودەدات، کە زانیارییەکان یەکدەگرنەوە و شوێنی ئامانجەکە بە وردی پشتڕاست دەکرێتەوە، دوای ئەوەی هەموو پڕۆسەکە سەرکەوتوو بوو، ئینجا فڕۆکەی جەنگی دەنێرن و لەماوەیەکی کەمدا وەک ئەوەی لەسەر نەخشە بە دەست بۆیان کێشا بێت، بەبێ هیچ هەڵەیەک ئامانجەکەی دەپێکێت.

دوای ئەوەی، ئامانجەکە پێکرا، دەزگا هەواڵگرییەکان و بە تایبەتیش مۆساد چاوەڕێی راگەیاندنی فەرمی ناکەن. دەستبەجێ لە ڕێگەی وێنەی مانگە دەستکردەکانەوە قەبارەی وێرانکارییەکە دەخەمڵێنن. لەلایەکی دیکەشەوە لە ڕێگەی هاککردن و چونەناوەی سیگناڵەکان و گوێگرتن لە تەلەفۆنی سەرکردە و هێزە ئەمنییەکانی ئێران، زانیاری سەرەتایی وەردەگرن. لە کۆتاییشدا، سیخوڕە مەیدانییەکان، تەنانەت ئەوانەشی کە لەناو نەخۆشخانە و دامەزراوەکاندان، زۆر جار پێش ئەوەی حکومەتی وڵاتەکە خۆشی پێی بزانێت بڵاوی دەکەنەوە.

ئەمەش ئەو پرسیارە دووبارە دەکاتەوە، چۆن ئیسرائیل دەتوانێ بەو شێوە وردە بچێتە ناو خانەکانی دەسەڵاتێکی دامەزراوە و بەهێزی وەک ئێرانەوە و بزانێ کێ لە کوێ دەمێنێتەوە؟

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.