کتێبی "ژنانی کۆمەڵە؛ ڕەگەز و شۆڕش لە کوردستانی ئێران" لە نووسینی فاتیمە کەریمی، وەک یەکێک لە یەکەمین توێژینەوەکان کە بە شێوازێکی بەرفراوان ئەزموونی ژنانی پێشمەرگە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەخاتە ڕوو، سەرنج ڕادەکێشێت.
ئەم کتێبەی فاتیمە کەریمی، تیشک دەخاتە سەر ڕێکخراوی کۆمەڵە لە نێوان ساڵانی 1979 تاوەکو 1991.
ژیان، خەبات و بەشداریی سیاسیی ژنان لە یەکێک لە ئاڵۆزترین قۆناغەکانی مێژووی هاوچەرخی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا شیکار دەکات.
کۆمەڵە وەک یەکێک لەو ڕێکخراوە کوردی-ئێرانییانەی کە بوونی ژنانی لە پێکهاتە سەربازی و سیاسییەکاندا بەرفراوان کرد، سەکۆیەکی جیاواز بۆ ئەزموونکردنی ڕۆڵی ژنان لە خەباتی سیاسیدا دەڕەخسێنێت.
ڕوانین لە پەنجەرەیەکی جیاوازەوە
فاتیمە کەریمی پشتبەستن بە چاوپێکەوتنی چڕ و بەرفراوان لەگەڵ ئەندامانی پێشووی کۆمەڵە، چەندین بابەتی کەم گێڕدراوەوە دەکوڵێتەوە.
لە ئاستەنگە خێزانی، کۆمەڵایەتی و ڕێکخراوەییەکانەوە بگرە تاوەکو پرسی باوکسالاری، دۆخی منداڵان و دابەشبوونی ڕۆڵەکان لە ناو خێزان و پێکهاتەی حیزبیدا.
کتێبی "ژنانی کۆمەڵە" تەنیا گێڕانەوەی مێژووی ڕێکخراوێکی سیاسی نییە، بەڵکو لە هەمان کاتدا بە تیشکخستنە سەر ئەزموونی ژنان و ئەو ستەمە ڕەگەزییانەی لە یەکێک لە هەستیارترین قۆناغەکانی مێژووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا ڕووبەڕوویان بووەتەوە، چەمکی شۆڕش پێناسە دەکاتەوە.
ئەم بەرهەمە پەنجەرەیەکی جیاواز دەکاتەوە بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندی نێوان ڕەگەز، خەبات و گەشەسەندنی سیاسی لە کۆمەڵگەی کوردیدا.
سیاسەت لە فەزای تایبەتدا
کتێبەکە لە سێ بەش پێکدێت؛ بەشی یەکەم، بەشداریی کارا و گرنگی ژنان لە شۆڕشی 1979دا کە بووە هۆی ڕووخانی شا، شیکار دەکات.
لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، چەندین ژن پەیوەندییان بە ڕێکخراوە سیاسییە نهێنییەکانەوە کرد و بەوەش پرسیاریان لەسەر ئەو سیستمە کۆمەڵایەتییە دروستکرد کە ماڵی وەک فەزای ژنان و ژیانی گشتی و سیاسی وەک فەزای پیاوان دیاری دەکرد.
بەڵام لە ژێر سایەی دیکتاتۆریی شادا، سروشتی نهێنیی چالاکییە سیاسییەکان، سیاسەتی بەرەو فەزای تایبەت (ماڵ) پاڵپێوەنا و ماڵی کردە ناوەندێکی گرنگ بۆ کۆبوونەوە سیاسییەکان.
لە ناو جەرگەی شەڕی ناوخۆدا
بەشی دووهمی کتێبەکە، سەرنج دەخاتە سەر گەشتی چەکداریی ژنان لە دوای ڕووخانی ڕژێمی شا، ئەم گەشتە دەخرێتە ناو چوارچێوەیەکی سیاسیی بەرفراوانتر، لەوانەش داواکارییە هاوبەشەکانی ڕێکخراوە سیاسییە کوردییەکانی وەک حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) و کۆمەڵە بۆ ناساندنی مافی ئۆتۆنۆمی و دابینکردنی ئاسایش لە ناوچەی کوردستان.
ئەم داواکارییانە دانپێدانان بە دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی لە پرسەکانی بەرگریی دەرەکی، سیاسەتی دەرەوە و پلاندانانی ئابووری درێژخایەنیشی لەخۆدەگرت. بەڵام کتێبەکە ئەوە نیشان دەدات کە کاتێک ڕژێمە نوێیەکە هەوڵی چەسپاندنی دەسەڵاتی ناوەندی دەدا، حدکا و کۆمەڵە کەوتنە ناو شەڕێکی ناوخۆییەوە و لەو ململانێیانەدا چەندین پێشمەرگە لە هەردوولا گیانیان لەدەستدا، کە 19 ژنی پێشمەرگەی کۆمەڵە لە نێو ئەو قوربانییانەدا بوون.
ئەزموونی ژنانی پێشمەرگە بەشی سێیەم و کۆتایی کتێبەکە، ئەزموونی ژنانی پێشمەرگە لە ناو کۆمەڵەدا دەکۆڵێتەوە،
هەرچەندە چەندین ژن بۆ ماوەیەکی درێژ وەک لایەنگر هەم لە گوندەکان و هەم لە شارەکاندا چالاک بوون، بەڵام تەنیا لە ساڵی 1981 بەدواوە توانیویانە ببنە پێشمەرگە؛ لە سەرەتادا تەنیا ڕۆڵی سێبەریان هەبوو، زیاتر وەک پەرستار، چێشتلێنەر یان لە بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کەرەستە و بڵاوکراوەکانی پەروەردە و ڕێکخستندا کاریان دەکرد.
ئەوان تاوەکو کۆتایی ساڵی 1982 هیچ جۆرە مەشق و ڕاهێنانێکی سەربازی و چەکیان وەرنەگرت.