ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) ڕایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەستەوە تاوەکو ئێستا، 608 کەس لە ئەنجامی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان کوژراون.
هاوکات وەزارەتی تەندروستیی لوبنان نوێترین ئاماری قوربانیانی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، کۆی گشتیی قوربانیانی هێرشەکانی ئیسرائیل لە ماوەی نێوان 2ی ئازار تاوەکو 26ی ئایار، گەیشتووەتە سێ هەزار و 213 کوژراو و نۆ هەزار و 737 بریندار.
لەلایەکی دیکەوە، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستەوە، حزبوڵڵای لوبنان چەندین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تەقینەوەی ئاراستەی سەربازانی ئیسرائیل و شارەکانی باکووری وڵاتەکە کردووە، کە بەهۆیانەوە لانی کەم 11 سەربازی ئیسرائیلی کوژراون.
لە بەرانبەردا سوپای ئیسرائیل شەپۆلێکی نوێ و بەرفراوانی لە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی لوبنان دەستپێکردووەتەوە.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، حزبوڵڵای لوبنانی بە ئەنجامدانی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر هێزەکانی تۆمەتبار کرد و ڕایگەیاند، بە زیادکردنی هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان، فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کردووە هیڕش بکەنە سەرحزبوڵڵا.
ناتانیاهۆ جەختی لەوەش کردەوە کە ئیسرائیل ئێستا "لە شەڕدایە" لەگەڵ ئەو گروپە و ئاشکرای کرد کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا 600 ئەندامی حزبوڵڵایان کوشتووە.