ژنانی شاری وان لە باکووری کوردستان بە کۆی دەنگ ڕایدەگەیێنن کە لایەنی کوردی چەندین دەستپێشخەریی بۆ پێشخستنی پرۆسەی ئاشتی پێشکەش کردووە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا دوای ساڵ و نیوێک بەسەر پرۆسەکەدا، هێشتا هیچ هەنگاوێکی بنچینەیی نەناوە.
ژنانی شارەکە جەخت دەکەنەوە کە ئەوان یەکەم لایەنن باجی قورسی پەرەسەندنی توندوتیژی و وەستانی پرۆسەی ئاشتی دەدەن، کە ئێستا کاریگەرییەکانی لەسەر داهاتووی گەنجان لە ناوەندەکانی خوێندن و زانکۆکانیشدا هەست پێدەکرێت.
لەمبارەیەوە، مێریەم ئۆلوتکین و یاسمین بایت، لە پەیامێکی رووندا بۆ دەسەڵاتدارانی تورکیا ڕایانگەیاند: "ناکرێت زیندانەکان پڕبکەیت لە زیندانی سیاسی و دواتر چاوەڕێی برایەتی بکەیت؛ پێویستە دەوڵەت لەو دەنگانە نەترسێت کە داوای ماف دەکەن."
بەپێی گوتەی ژنە چالاکوانەکان و بەرپرسانی دەم پارتی لە وان، کلیل و مەرجی سەرەکیی ژنان بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە بریتییە لە, ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی، ئاوڕدانەوەی بەپەلە لە دەستگیرکراوانی نەخۆش، و مسۆگەرکردنی ئازادیی جەستەیی عەبدوڵڵا ئۆجالان.
ژنانی وان دووپاتی دەکەنەوە کە خەڵک چیتر شەڕی ناوێت و ئەوان لە پێناو دابینکردنی ژیانێکی شکۆمەندانەدا، بەردەوام دەبن لە خەبات و تێکۆشانی سەر شەقامەکان.