راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕایگەیاند، عێراق وڵاتێکی بێلایەنە و ڕێگە نادات خاکی بۆ هیچ هێرشێک دژی وڵاتانی دراوسێ بەکاربێت، هاوکات وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش جەخت لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شەنگال دەکاتەوە و دەڵێت کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان بە مانای پچڕانی پەیوەندییەکان نایەت.
قاسم ئەلعەبودی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، عێراق بەشێک نییە لە هیچ هاوپەیمانییەکی سەربازی کە دژی وڵاتانی تر بێت و ڕێگەش نادات خاکی عێراق وەک سەنگەرێک بۆ هێرشکردنە سەر لایەنێکی تر بەکاربێت.
ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە دەستووری عێراق هێشتا بە تەواوی نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەوانەش مادەی 140 کە یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
لە لایەکی ترەوە، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە چەند لێدوانێکدا تیشکی خستە سەر پرسی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان و ڕایگەیاند، کشانەوەی هاوپەیمانان بە مانای کۆتاییهاتنی پەیوەندییەکان نایەت، و پێشنیار کراوە حکومەتی فیدراڵی ڕێککەوتنی دوو قۆڵی لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا لە بواری ئەمنیدا ئەنجام بدات.
سەبارەت به دۆخی شەنگالیش، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە کە پێویستە حکومەتی فیدراڵی ڕێککەوتنی شەنگال وەک خۆی و لە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا جێبەجێ بکات.