ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هیچ گرفتێک لەبەردەم ناردنی موچەی مانگی چوار نییە و بەغداد چاوەڕێی ناردنی داهاتی ناوخۆیە.
یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دارایی لە کۆنفڕانسیکی ڕۆژنامەنووسیدا گوتی، هیچ گرفتێک لەبەردەم ناردنی موچەی مانگی چواری موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نییە و سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی عێراق ڕەزامەندییان لەسەر ناردنی داوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لیستی موچە و تەرازووی پێداچوونەوە و نێردراوە بۆ بەغداد، بەڵام بەهۆی کەمبوونەوەی داهاتیی ناوخۆ و دەروازەکان و کەمبوونەوەی جموجۆڵی بازرگانیی، هەرێمی کوردستان ناتوانێت 120 ملیار داهاتی ناوخۆ بنێرێت.
دەشڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەند لێکتێگەیشتن لە نێوانیان هەیە وەک مانگی پێشوو برێک پارە وەک داهاتی ناوخۆ دیاری بکرێت و لە بەرانبەردا بەغداد پارەی موچە بنێرێت.
لەبارەی سیستمی ئەسیکۆداشەوە گوتی، هەرێمی کوردستان بەشدار دەبێت لە سیستمەکە، بەڵام بەوشێوەیەی کە خۆی دەیەوێت نەک بەغداد.