بەگوێرەی ڕۆژنامەی مەعلومەی عێراقی، تورکیا دەستیکردووە بە دروستکردنی ڕێگای سەربازی نوێ بەمەبەستی بەیەک گەیاندن و بەهێزکردنی پێگە سەربازییەکانی لە زنجیرە چیاکانی ڕۆژهەڵاتی پارێزگای دهۆک.
ئاماژەی بەوەکردووە، تیمە ئەندازیارییەکانی تورکیا دەستییان بە دروستکردنی ڕێگای نوێی سەربازی کردووە بە مەبەستی پێکەوە گرێدانی شەش خاڵی سەربازی وڵاتەکەی لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا.
ئاشکراشیکردووە، لەنێوان ئەم شەش خاڵە سەربازییەدا چەند گوندێک هەن، بەڵام بەهۆی هێرشەکانی سوپای تورکیا چۆڵکراون و ناوچەکە و زەوییە کشتوکاڵییەکانی دانیشتوانی گوندەکە وەک ناوچەی ئەمنی قەدەغەکراو دیاریکراوە و ڕێگری لە گەڕانەوەی دانیشتوانی دەکرێت.
دەشڵێت، ئەم جموجۆڵانەی سوپای تورکیا بەمەستی بەهێزکردنی پێگە ستراتیژییە سەربازییەکانییەتی لە ناوچەکەدا و وەک هەوڵێک بۆ ئامادەکاریی ئۆپەراسیۆنی نوێی سەبازی پێناسە دەکرێت.
هەروەها ڕەخنەی لە دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم گرتووە و دەڵێت، تا ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ هەڵوێستێکی جددی لەبەرامبەر ئەم فراوانخوازی و داگیرکارییانەی حکومەتی تورکیا نەنواندووە.