وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ڕایگەیاند، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی گەورەترین هێرشی درۆنیی ئۆکرانیایان تێکشکاندووە و توانیویانە 556 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە چەندین ناوچەی جیاوازی وەک بێڵگۆرۆد، کورسک، مۆسکۆ و نیمچە دوورگەی کریمیا بخەنە خوارەوە.
هاوكات ئاماژە بەوە کراوە کە بەهۆی کەوتنی پاشماوەی درۆنەکانەوە چەندین کەسی مەدەنی بوونەتە قوربانیی.
سەبارەت بە زیانەکانی هێرشەکە، سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانیی مۆسکۆ ئاشکرای کرد کە سوپای وڵاتەکەی تەنیا لە نزیک مۆسکۆی پایتەخت 82 درۆنی تێکشکاندووە.
لەلایەکی دیکەوە بەرپرسانی خۆجێی ڕایانگەیاند، لە ئەنجامی کەوتنی پاشماوەی درۆنە تێکشکێنراوەکان، لە ناوچەی "خیمکی" ژنێک و لە "میتیشچی" دوو پیاو گیانیان لەدەستداوە، هەروەها 12 کەسی دیکەش بریندار بوون کە زۆربەیان لە نزیک وێستگەیەکی پاڵاوگەی نەوت و پڕۆژەیەکی بیناسازی بوون.
ئەم هێرشە بەرفراوانە لە کاتێکدایە، هەرچەندە هەردوو وڵاتی ڕووسیا و ئۆکرانیا لە ڕووی فەرمییەوە جەخت دەکەنەوە کە ناوچە مەدەنییەکان ناکەنە ئامانج، بەڵام ئامار و لێکەوتەکانی سەر زەوی پێچەوانەی ئەمە دەسەلمێنن و نیشانی دەدەن کە هاووڵاتیانی مەدەنی باجی سەرەکیی جەنگەکە دەدەن.