نێت بلۆکس، دامەزراوەی سەربەخۆی چاودێریی ئینتەرنێت ڕایگەیاند، پچڕانی ئینتەرنێت لە ئێران دوای تێپەڕکردنی 1500 کاتژمێر، پێی ناوەتە شەست و چوارەمین ڕۆژی خۆیەوە.
نێتبلۆکس ئەمڕۆ لە ڕاپۆرتی نوێی خۆیدا نووسیویەتی، بەردەوامیی ڕاگرتنی ئینتەرنێت لە ئیران هاوکاتە لەگەڵ ئاستەنگکردنی توندی ڤیپیئێنەکان و وێستگە سەتەلایتییەکان لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە.
هەروەها نێت بلۆکس ئاماژەی بە کوژرانی بەکارهێنەرێکی ستارلینک لە کاتی هەڵکوتانە سەر ماڵان کردووە.
لە لایەکی دیکەوە کۆمپانیای مێتا ڕایگەیاند، لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی 2026ـدا ژمارەی بەکارهێنەرانی ڕۆژانەی پلاتفۆرمەکانی کەمیکردووە و هۆکارەکەشی بۆ پچڕانی ئینتەرنێت لە ئێران و ڕوسیا دەگەڕێنێتەوە.
سوزان لی، بەڕێوەبەری دارایی کۆمپانیای مێتا ئاشکرای کرد، ژمارەی بەکارهێنەرانی ڕۆژانە لە کۆمەڵەی بەرنامەکانی وەک فەیسبوک، ئینستاگرام، واتسئەپ و مەسنجەر، نزیکەی 20 ملیۆن کەس کەمیکردووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، "پچڕانی ئینتەرنێت لە ئێران" و "سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە واتسئەپ لە ڕوسیا" هۆکاری سەرەکیی ئەم پاشەکشەیەن.