ڕاستەوخۆ

ڕاگرتنی ئەنتەرنێت 225 هەزار ملیار تمەن زیانی بە ئابووری ئێران گەیاندووە

reset font size increase font size

ڕاگرتنی هێڵی ئەنتەرنێت لە لایەن حکومەتی ئێرانەوە 45 ڕۆژی تێپەڕاندووە و ئەمەش بووەتە هۆی بێکاربوونی ملیۆنان کەس و زیان گەیاندن بە بڕی 1.45 ملیار دۆلار بە ژێرخانی ئابووری ئەو وڵاتە.
ناوەندی "دادبان" کە ناوەندێکی ڕاوێژکاری و فێرکاریی یاساییە ڕایگەیاند، ڕاگرتنی ئەنتەرنێت لە ئێران چووەتە ڕۆژی 45ـیەمین ڕۆژی خۆی، و ئەمەش کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر دۆخی ئابووری خەڵک بە تایبەت ئەو کەسانەی بژێوییان بە ئەنتەرنێتەوە بەستراوەتەوە دروست کردووە. 
زانیارییە فەرمییەکان ئاشکرایان کردووە، زیاتر لە 10 ملیۆن کەس لە ئێران ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی ئەنتەرنێتەوە داهات بەدەست دەهێنن، هەر بۆیە هەر جۆرە پەککەوتنێک هەڕەشەی جددیی لە بژێوییان دەکات. هەندێک لە شارەزایانیش ژمارەی ئەو کەسانەی زیانیان بەرکەوتووە بە 15 بۆ 20 ملیۆن کەس ئەژمار دەکەن.
بە گوێرەی گوتەی بەرپرسانی حکومەت، هەر ڕۆژێکی ڕاگرتنی ئەنتەرنێت نزیکەی 5 هەزار ملیار تمەن زیان بە ئابووری ئێران دەگەیەنێت. بەم پێیە، کۆی زیانی ئەم 45 ڕۆژە دەگاتە نزیکەی 225 هەزار ملیار تمەن، کە بەپێی نرخی دۆلار لە ئێستادا، هاوتایە لەگەڵ 1.45 ملیار دۆلار. 
هەروەها ئاژانسی هەرانا ئاماژەی بەوە کردووە، زیانی ئابووری دیجیتاڵ لە هەندێک خەمڵاندندا لە نێوان 3 بۆ 18 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت. راشیگەیاندووە، نزیکەی 2.5 ملیۆن کەس تەنیا لە ڕێگەی ئینستاگرامەوە داهات و بژێوەی خۆیان پەیدا دەکرد کە ئێستا کارەکانیان بەتەواوی ڕاوەستاوە.

لە لایەکی دیکەشەوە پێگەی نێت بلاکس لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە، ئەم دۆخە بووەتە هۆی دروستبوونی قەیرانێکی ئابووری قووڵ و لەناوچوونی هەزاران کار و پیشەی خەڵکی ئاسایی و لە بەرانبەردا بازاڕێکی ڕەشی چەند سەد ملیاردی بۆ کەمینەیەکی خاوەن دەسەڵات ڕەخساندووە. 
باسی لەوەش کردووە، فرۆشیارانی کانفیگ، خاوەن ئایپییە چالاکەکان و ئەوانەی دەستیان بە دیتاسەنتەرە تایبەتەکان دەگات، سامانێکی زۆریان لە گیرفانی خەڵکەوە بۆ خۆیان گواستووەتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.