جه‌نگ ماڵه‌وه‌شی له ئێرانییه‌كان كردووه‌ته شوێنی ترس.
له چه‌ند ڕۆژی جه‌نگی ئێران‌دا، دانیشتووانی تاران بینه‌ری قورستریین هێرشه‌كانی ئیسرائیل و ئه‌مریكا بوون بۆ سه‌ر شاره‌كه‌یان.
به‌شێك له دانیشتووانی شاره‌كه هه‌رزوو له‌گه‌ڵ هه‌ڵگیرسانی جه‌نگه‌كه شاره‌كه‌یان جێهێشت، بەشێکی دیکەیان له شوێنی خۆیان مانەوە.
ئه‌وانه‌ی ماونه‌ته‌وه نازانن چی بكه‌ن، مه‌ترسییه‌كه چووه‌ته ناو ماڵه‌كانیشیان.

بابەک دانیشتووی تارانه، جه‌نگی 12 ڕۆژه‌ش شاره‌كه‌ی جێنه‌هێشت، قسه‌ی بۆ "بی بی سی" كردووه و ده‌ڵێت، هێرشه‌كانی ئه‌مجاره زۆر جیاوازتر و مه‌ترسیدارترن.
سه‌ره‌ڕای زۆربوونی مه‌ترسییه‌كان، بابه‌ك ده‌یه‌وێت له شاره‌كه‌ی بمێنێته‌وه و به چاوی خۆی هه‌موو ڕوداوه‌كان ببینێت.
دەشڵێت، "نرخی خۆراک بەراورد بە ڕۆژی یەکەمی جه‌نگ، بە ڕێژەی 30% بۆ 35% بەرزبووەتەوە، بەڵام هێشتا خواردن و پێداویستییەکان بەردەستن و تەنانەت خزمەتگوزارییە ئۆنلاینەکانیش ماون".
بابەک ده‌زانێت هاتنه‌ده‌ره‌وه له ماڵه‌وه مه‌ترسیداره، به‌ڵام مانه‌وه‌ش له ماڵه‌وه به سه‌لامه‌ت نازانێت و ده‌ڵێ، "نازانین كه‌ی و له كوێ هێرش هه‌یه".

شه‌وێكی سه‌یر بوو!
سالارلە گەڕەکێکی دیکەی ناوەڕاستی تاران دەژی، شەوی دووەمی جه‌نگه‌كه، لە دەنگی بەرزی تەقینەوەکان و لەرزینەکانی بیناکەیاندا لە ڕادەبەدەر ترساوە، دەڵێ "هەستێکی سەیرمان هەبوو، هەموومان تەلەفۆنمان بۆ یەکتر دەکرد، هەمووان هەمان دەنگمان بیستبوو".
سالار هەرچەندە دایك و باوكی ناردووه‌ته باكوری ئێران، به‌ڵام هێشتا دڵنیا نییه له سه‌لامه‌تییان.
هه‌ر ئه‌وه‌ش نا، به‌ڵكو نیگەرانە لە لێدوانەکەی ترەمپ کە باسی له‌وه كردووه، هێرشەکان چوارهەفتە دەخایەنێت.
ئه‌و هه‌رگیز پێشتر ئه‌و ده‌نگانه‌ی نه‌بیستووه، هه‌رزوو په‌نجه‌ره‌ی ماڵه‌كه‌ی كردووه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی شوشه‌كانی نه‌شكێن، ئه‌و شه‌وه‌ش به " شه‌وێكی سه‌یر" باس ده‌كات.

هێشتا ژیان له تاران به‌رده‌وامه
بابەک و سالار باس لەوە دەکەن، سه‌ره‌ڕای مه‌ترسییه‌كان، هێشتا زۆرینەی دوکانەکان لە تاران کراوەن، زۆرێک لە قاوەخانەکانیش دوای بانگی ئێوارە دەکرێنەوە، گەنجان دادەنیشن و ژیان لای بەشێکی خەڵک وەک ڕۆژانی ئاسایی بەردەوامە.
ئه‌وان پێیانوایه خەڵک جه‌نگه‌كه‌یان قبوڵ کردووە و خەریکە ڕادێن، هەرچەندە ئاسۆی داهاتوویان لێ دیارنییە، بەڵام هیوایان وایە ڕۆژانێكی باشتر چاوەڕێیان بکات.
زه‌رده‌خه‌نه بۆ كوژرانی خامنه‌یی
ئه‌و كاته‌ی هه‌واڵی كوژرانی ڕێبه‌ری باڵای وڵاته‌كه‌ی بڵاوبووه‌ته‌وه، سالار گوێی له ده‌نگی هاواركردنی خه‌ڵك بووه، دواتریش به‌هۆی هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانه‌وه، له‌گه‌ڵ هاوڕێ و خزمه‌كانی نه‌یانتوانیوه به ئاشكرا خۆشحاڵیی خۆیان ده‌ربڕن، ته‌نیا زه‌رده‌خه‌نه‌یان بۆ یه‌كتر كردووه.
باس له‌و كورتهنامانهش ده‌كات، كه له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه وه‌ك هه‌ڕه‌شه بۆیان نێردراوه و تێیدا ده‌وڵه‌ت گوتویه‌تی" ئەگەر بچنە سەر شەقام و خۆشحاڵیی خۆیان ده‌ر ببڕن، ئه‌وه بە پیاوی ئیسرائیلیان دەزانن و ڕاستەوخۆ ده‌كوژرێن".
بابهكیش باسی ڕۆژێك دوای كوژرانی خامنه‌یی ده‌كات و ده‌ڵێت" له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه به‌باشی یه‌كترمان ده‌ناسی، پیرۆزباییمان له‌یه‌كتر ده‌كرد، ئەوهەستەمان هەبوو کەسێکی دیکە ئەو کارەی کرد، کە خۆمان نەمانتوانیبوو بیکەین."

نیگه‌رانیی و هیوا پێكه‌وه
لەگەڵ نه‌مانی تەواوەتی ئینتەرنێت، زۆرێک لە ئەندامانی خێزانە ئێرانییەکان، په‌یوه‌ندییان به خزم و كه‌سوكاره‌كه‌یان له وڵاتانی ده‌ره‌وه نه‌ماوه.
ئەوانەی لە ئێران دوورن، بەو هەموو هەواڵ و وێنانەی بڵاودەکرێنەوە نیگەرانن و لە دڵەڕاوکێدان.
شەیدا لە ئەمریکا دەژی، توانیویەتی چەند جارێکی کەم قسە لەگەڵ خێزانەکەی لە ئێران بکات، دەڵێت "هەرچەندە کەسوکار و هاوڕێکانم لەڕادەبەدەر دڵخۆش و پڕهیوان، بەڵام من زۆر نیگەرانم، دڵخۆشم کە ئەم سەرکردانە مردوون، بەڵام دڵتەنگم کە خەڵکی ئاسایی دەمرن و وڵاتەکەم وێران دەبێت".