هاوسەرۆکی گشتیی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) ڕایگەیاند، قەتیسکردنی پرۆسەی ئاشتی لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی دەسەڵاتی ئاکەپەدا بە ڕاست نابینن و دەبێت بە بەهێزکردنی تێکۆشان، حکومەتی تورکیا ناچاری هەنگاونان بکرێت.
چیدەم کڵچگیون ئوچار لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژنانی دێرسیم، ئاماژەی بەوە کرد کە هەندێک لایەن دەیانەوێت ڕێگری لە پەرەسەندن و بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئاشتی بگرن، بەڵام دامەزراندنی ئاشتی پێویستی بە تێکۆشانێکی مەزن هەیە و ئەم پرۆسەیەش بە دەرفەتێکی مێژوویی بۆ تورکیا دەزانن.
هاوسەرۆکی گشتیی دەبەپە ئەوەشی گوت، لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوودا ئەمە یەکجارە لە پەرلەمانی تورکیا بە فەرمی گفتوگۆ لەسەر پرسی کورد دەکرێت، و جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە ژنان بە شێوەیەکی کارا و چالاک بەشداری لە پرۆسەی ئاشتیدا بکەن.