بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دیداری مێری ڕایگەیاند، تەواوی ناوچەکە لەژێر مەترسییەکی گەورەدایە و پێویستە هێزە سیاسییەکان بەرچاوڕوون بن و ڕێککەوتن بکەن؛ هەروەها جەختی کردەوە کە یەکێتی دەرگای گفتوگۆی دانەخستووە و ئامادەیە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان دانیشێت.
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی دۆخی هەرێمیی و عێراقەوە ڕایگەیاند: "مەترسییەکان تەنها لەسەر لایەنێک نین، بەڵکو تەواوی ناوچەکەی گرتووەتەوە. لە ڕووی ئابووری و ئەمنییەوە دۆخی بەغدا خراپە، خراپبوونی دۆخی بەغداش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر کوردستان هەیە. بەڵام لەجیاتی باسکردنی کێشەکان، دەبێت باسی چارەسەر بکەین."
بافڵ تاڵەبانی گەشبینیی خۆی بۆ پرۆسەی ئاشتی لە ناوچەکە دەربڕی و گوتی: "دەبێت هەموومان پشتگیری لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بکەین و دەبێت پرۆسەیەکی ئاشتیی گشتگیر لە ئێرانیش دروست بێت. سیاسەتی ئێمە زۆر ڕوونە و پەیوەندیمان لەگەڵ بەغدا باشە؛ سەرۆکوەزیران زەیدی دەیەوێت گۆڕانکاریی گەورە بکات و هیچ کێنەیەکی لەبەرامبەر کورد نییە، بۆیە ئەمە دەرفەتێکە بۆ ئێمە تاوەکو سیاسەتی خۆمان ڕێکبخەینەوە."
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکان لەگەڵ پارتی، سەرۆکی یەکێتی باسی لە ڕێککەوتنی لایەنەکەی لەگەڵ حزبی نەوەی نوێ کرد و ڕایگەیاند: "ئێمە ڕێککەوتنێکی جددیمان لەگەڵ نەوەی نوێ هەیە و ئەمە دەرفەتێکە بۆ پارتیش تاوەکو ئۆپۆزسیۆن بێتە ناو حکومەت و هاوکار بێت. یەکێتی دەرگای گفتوگۆی دانەخستووە و ئامادەیە بۆ دانیشتن. من 16 جار هاتومەتە هەولێر بۆ ڕێککەوتن، کێشەکان بچووکن و ئامادەین بۆ کۆبوونەوەی دووقۆڵی."
لە کۆتاییدا بافڵ تاڵەبانی جەختی کردەوە: "ئێمە بەڵێنمان بەم گەلە داوە و ئامادە نین دەستبەرداری مافەکانی ببین. لەگەڵ ئەمریکا، ئێران، سووریا و تورکیا گفتوگۆ دەکەین و ڕێک دەکەوین، ناكرێت لەگەڵ برادەرانی پارتی ڕێنەکەوین."