ئامادەکردنی/ شۆخان کەریم
لەکاتێکدا بەغداد بووەتە ناوەندی بڕیارە یەکلاکەرەوەکانی پەیوەست بە موچە و قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان، چوارچێوەی هەماهەنگی وەک ئەندازیار و داڕێژەری سیاسەتە مەرکەزییەکان دەردەکەوێت، ئەم هاوپەیمانییە کە لەسەر بنەمای پاراستنی ماڵی شیعە دروست بووە، هاوکێشەیەکی ئاڵۆزی بۆ هەولێر و سلێمانی دروستکردووە.
چوارچێوەی هەماهەنگی لە کۆتایی ساڵی 2021 و دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەدایکبوو، لە سەرەتادا وەک بەرەیەکی ناڕازی دژی ئەنجامەکان و بەرپەرچدانەوەی پڕۆژەی زۆرینەی نیشتمانی ڕەوتی سەدر دەستی پێکرد.
لایەنە سەرەکییەکانی ناو چوارچێوەکە، بریتین لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای نوری مالیکی، کە خاوەن ئەزموونی دەسەڵاتە، هاوپەیمانی فەتحی هادی عامری کە نوێنەرایەتیی باڵی سیاسی حەشدی شەعبی دەکات، هاوکات عەسائیب ئەهلولحەق بە سەرۆکایەتیی قەیس خەزعەلی کە هێزێکی چالاک و کاریگەرە لە هاوکێشە ئەمنییەکاندا، ڕەوتی حیکمە و هاوپەیمانی نەسریش وەک باڵە میانڕەوەکان لەنێوان عەممار حەکیم و حەیدەر عەبادی لەناو ئەم چوارچێویە دەردەکەون.
پەیوەندیی ئەم چوارچێوەیە لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان مێژووییەکی پڕ لە هەوراز و نشێوی هەیە بە جۆرێک لە قۆناعی هاوپەیمانێتیدا، زۆربەی سەرکردەکانی چوارچێوەکە هاوخەباتی دێرینی لایەنە کوردییەکان بوون دژی ڕژێمی پێشوو لە ئێستاشدا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دا پێکەوەن.
لە قۆناغی گرژی و ناکۆکییەکانیشدا پرسی "نەوت و خاک و دەسەڵات" ڕیشەی ناکۆکییەکان بوون، چوارچێوەی هەماهەنگی بە تۆمەتباری سەرەکی دەبینرێت لە بەکارهێنانی دادگای فیدراڵی بۆ بڕینی بودجە و ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم، ئەوەش بە ئاشکرا دیارە کە چوارچێوەکە بەوە دەناسرێت، مامەڵەیەکی جیاواز لەگەڵ پارتی و یەکێتی دەکات، لەکاتێکدا لەگەڵ یەکێتی لە زۆر خاڵدا کۆکن لە بەرامبەر پارتی دیموکراتی کوردستانیشدا سیاسەتێکی توندتر دەگرنە بەر بەتایبەت لە پرسە سیادییەکاندا، ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر کە تێیدا بەشێک لە هێزەکانی ناو چوارچێوەکە ڕۆڵی سەرەکییان هەبوو لە گەڕانەوەی سوپا بۆ ناوچە دابڕێنراوەکان و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی.
لە ئێستادا کە چوارچێوەی هەماهەنگی جڵەوی حکومەتی محەمەد شیاع سودانی بەدەستە، هەرێم چاوەڕێی جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی تایبەت بە یاسای نەوت و غاز و شایستە داراییەکانە، چوارچێوەکەش چاوەڕێی مەرکەزییەتێکی زیاتر دەکات.
پرسیار ئەوەیە ئایا چوارچێوەی هەماهەنگی دەتوانێت لە هاوپەیمانێکی کاتیی سەر کورسیی دەسەڵاتەوە ببێتە هاوبەشێکی ڕاستەقینەی فیدراڵی یان مەیلی مەرکەزییەت دواجار گرێکوێرەی نێوان هەولێر و بەغدا توندتر دەکات؟