سمکۆ ڕەشید، چاودێری سیاسیی دەڵێ، تورکیا پیلانگێڕی نوێ دژی ئێزدییەکان لە ناوچەکدا ئەنجام دەدات، کە گەلێکی زیندوون لە بەشدارییکردن لە کایەی سیاسییدا و دەشڵێ، پێویستە هاوشێوەی ڕۆژاڤا پشتیوانی لە ئێزدییەکانیش بکەین.
دوای هەڕەشەکانی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر شنگال، عێراقیش جموجۆڵی سەربازیی لە سنوورەکە دەستپێکردووە، بۆ ئەوەش خاڵی سەربازیی درووست دەکات و هەڵمەتێکیشی بۆ چەککردنی ئەو ئێزدییانە دەستپێکردووە، کە بۆ پاراستنی ژیانی خۆیان چەکیان هەڵگرتووە.
لەوبارەیەوە سمکۆ ڕەشید دەڵێ، ئێزدییەکان بەردەوام ڕۆڵی گرنگیان هەبووە، نابێ بەرپرسەکان باڵاکان بێدەنگی هەڵبژێرن، ئەرکی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بەرپرسەکانی عێراقە، هەڵوێستیان هەبێ بەرامبەر هەڕەشەکانی وەزیری دەرەوەی تورکیا.

ئاماژە بەوەشدەکات، بە هەڕەشەکانی هاکان فیدان، گەڕێکی دیکەی هێرش و کۆمەڵكوژیی بۆ سەر شنگال دەستپێدەکات، بەهۆیەوە، سوپای عێراق گەمارۆی شنگالی داوە و هەوڵی چەککردنی خەڵکەکەی دەدات، کە دژی کۆمەڵکوژیی نوێ چەکیان لە شان کردووە و بەرگری لەخۆیان دەکەن.