پارتی یەکێتی دیموکرات-پەیەدە ڕایگەیاند: فەرامۆشکردنی زمانی کوردیی لەسەر تابلۆی فەرمانگەکان دژی ڕێککەوتنەکانە و بابەتەکە پەیوەستە بە هەموو پێکهاتەکانی سوریاوە.
ئەنجومەنی گشتیی پارتی یەکێتی دیموکرات_پەیەدە ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی گرژییەکانی حەسەکە دوای لابردنی زمانی کوردی لەسەر تابلۆی فەرمانگەی داد، بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: جێنەکردنەوە و لابردنی زمانی کوردی لەسەر فەرمانگە فەرمییەکان، پێچەوانەی ڕێککەوتنەکان و تەنانەت مەرسومی سەرۆککۆمارە لەبارەی بە فەرمی ناساندنی زمانی کوردیی و جەژنی نەورۆزەوە.
پەیەدە ئاماژەی بەوەشداوە: پاساوهێنانەوە بۆ فەرامۆشکردنی زمانی کوردی جێگەی نیگەرانییە و پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە، چونکە بابەتەکە تەنها پەیوەست نییە بە کورد و درێژدەبێتەوە بۆ هەموو سوریا و پێکهاتە جیاوازەکان لەپێناو بەرژەوەندیی نیشتیمانی و یەکییەتی سوریا.
پەیەدە جەختی کردوەتەوە لەوەی کە نوسینی تابلۆکان بە زمانی کوردی هۆکاری بەهێزکردنی پێکەوەیی و مافی پێکهاتەکانە و ناکرێت وەک کەمکردنەوەی سەروەریی سوریا لێی بڕوانرێت، پەیەدە سورە لەسەر پێدانی مافەکانی کورد بە هەموو ئاڕاستە و ڕەهەند و ئاستەکانیدا، کە کەلتور و زمان و لە پێشینەکانن و دەبێت لە چوارچێوەی دەستوری داهاتووی سوریادا بچەستپێندرێن.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا پەیەدە گوتویەتی: داوا لە حکومەت و هەموو سوریاییەکان دەکەن چەمکی دەوڵەتی نەتەوەیی دیموکراسی لە باوەش بگرن بێلایەنانە کاربکەن بۆ دامەزراندنی بنەما نیشتمانییە سەروو دەستوورییەکان و بناغەی گرێبەستی کۆمەڵایەتی سوریا و دەستووری داهاتووی وڵاتەکەی لەسەریان بنیات بنرێت، هەنگاوی کۆنکرێتیش بنێن بۆ بنەبڕکردنی سیاسەتی نکۆڵیکردن کە ڕژێمی پێشوو بەرامبەر زۆرینەی سورییەکان و بە تایبەت کورد پەیڕەوی کرد، هەموو ئەوانەشی لە پێکەوەیی گەلان دەدەن وەک تاوانبار بناسێندرێن.