لە کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمانی تورکیادا بڕیاردرا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ پرسی هێرشە چەکدارییەکانی سەر خوێندنگەکان پێکبهێنرێت.
هەرچەندە دەبوایە کارنامەی سەرەکیی کۆبوونەوەی پەرلەمانی تورکیا گفتوگۆکردن بێت لەسەر پڕۆژەیاسای گۆڕانکاری لە یاسای خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵام هێرشە چەکدارییەکانی سەر خوێندنگەکان بووە تەوەری سەرەکی و بڕیاردرا ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی هاوبەش پێکبهێنرێت.
سزای تەمەلی پەرلەمانتاری دەم پارتی ڕایگەیاند: پێویستمان بە ئەقڵێکی چارەسەرکەرە بۆ کێشە کۆمەڵایەتییەکان. ئەگەر بتوانین بە ژیری کار بکەین، دەتوانین ڕێگری لە کارەساتەکانی داهاتوو بگرین.
موراد ئەمیر، پەرلەمانتاری جەهەپە، ئاماژەی بەوەدا، کە ئەمە کێشەیەکی فرەڕەهەندە و نابێت وەک ڕوداوی تاکەکەسی سەیر بکرێت، بەڵکو دەبێت لە ڕووی یاسایی، دەروونی، کۆمەڵایەتی و ئابورییەوە لێکۆڵینەوەی لێ بکرێت.
لەوبارەیەوە فیلیز کڵچ پەرلەمانتاری مەهەپەش پشتگیریی پارتەکەی بۆ کارەکانی لیژنە نوێیەکە دەربڕی بۆ ئەنجامدانی هەڵسەنگاندنێکی گشتگیر.
پەروین بوڵدان، جێگری سەرۆکی پەرلەمان، لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا دەستخۆشی لە هەموو فراکسیۆنەکان کرد بۆ گەیشتن بەم ڕێککەوتنە و گوتی: هیوادارم ئەم لیژنەیە ببێتە هۆی ئەوەی چیتر ئازاری لەم شێوەیە نەبینینەوە.