بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، ژن و پیاوێک کە ئازاری جەستەیی منداڵە تەمەن چوار ساڵ و هەشت ساڵانەکەیان دابوو دەستگیرکران.
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، دوای ئەوەی هێزەکانی پۆلیس ئاگادارکرانەوە کە ژن و پیاوێک، ئازاری جەستەیی منداڵەکانیان دەدەن، کە تەمەنیان چوار ساڵ و هەشت ساڵانە، دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون توانرا باوکی منداڵەکان و ژنەکە دەستگیر بکەن.
ئاماژە بەوەشکراوە، باوکی منداڵەکە لەدایکبووی 1992ـەوە و ژنەکەش لەدایکبووی2001ـە کە باوەژنی منداڵەکانە و بەرەگەز عەرەبن و تۆمەتبارن بە لێدان و ئازارگەیاندن بەمنداڵەکان.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست لەنەخۆشخانە منداڵەکان بەبریاری دادوەری لێکۆڵینەوە سپێردراون بەخانەی بێسەرپەرشتان و باوکی منداڵەکان بەبڕیاری دادوەر و بەگوێرەی مادەی 29 لەیاسای چاودێریی نەوجەوانان ڕاگیراوە، ژنەکەش بە دەستەبەری دارایی ئازادکراوە و لێکۆڵینەوە لەڕووداوەکە بەردەوامە.