کەناڵی سکای نیوزی بەریتانی، لە زاری سەرچاوەیەکی ناو کۆشکی سپییەوە بڵاویکردەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، تاوتوێی چەند سیناریۆیەکی سەربازیی دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی دورگەی خارک.
بەگوێرەی کەناڵە بەریتانییەکە، ئەم هەنگاوە وەک وەڵامێکی ڕاستەوخۆیە بۆ داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، کە بووەتە هۆکارێک بۆ پەکخستنی گواستنەوەی سەرچاوەکانی وزە و بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی نەوت لە جیهاندا.
کەناڵەکە ئەوەشی بڵاوکردووتەوە، یەکێک لە پلانە سەرەکییەکان، کە باسی لێوە کراوە، پێشنیازی ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانیی چڕە بۆ ماوەی مانگێک، بە ئامانجی تێکشکاندنی بەرگری ئێران لە دەوروبەری گەرووی هورمز پێش هەر جووڵەیەکی زەمینی، ئەگەر بکرێتە سەر ئەو وڵاتە.
لە ڕاپۆرتەکەی سکای نیوزدا ئاماژە بەوە کراوە، سێ یەکەی هێزەکانی مارێنز بەرەو ناوچەی کەنداو بەڕێکراون.