پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو گەشەیەکی ٣٩٪ی لە ڕاکێشانی گەشتیارانی بیانی تۆمار کردووە و بە گوێرەی هەڵسەنگاندنەکانی وەزارەتی کەلەپووری کۆن و گەشتیاریی ئێران، لە ڕیزبەندی پێنجەمی ئەو پارێزگاکانەدایە کە بەرزترین ئاستی گەشەی ئەرێنییان لەم بوارەدا بەدەستهێناوە.
کیومەرس ئەعزەمی، سەرپەرشتیاری فەرمانگەی گەشتیاری و هونەرە دەستکردەکانی کرماشان، ڕایگەیاند کە ئەم دەستکەوتە بەرچاوە دەگەڕێتەوە بۆ ناساندنی توانستەکانی پارێزگاکە لە بازاڕە دەرەکییەکاندا.
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە کرماشان لە ڕووی مێژوویی، کلتووری و سروشتییەوە زۆر دەوڵەمەندە و بە پلانڕێژیی گونجاو دەکرێت پشکەکەی لە بازاڕی گەشتیاریی نێودەوڵەتیدا زۆر زیاتر بەرز بکرێتەوە، بە مەرجێک ژێرخانەکانی پێشوازیکردن و ئامرازە نوێیەکان بۆ ڕاکێشانی زیاتری گەشتیارانی بیانی بەهێز بکرێن.