پارێزگاری کەرکوک دەڵێت، رۆژنامەگەریی کوردی بە درێژایی مێژوو ڕۆڵی کارای لە گواستنەوەی ڕاستییەکاندا بووە، هەروەها داوای پێکەوەکارکردنی ڕۆژنامەنوسانی کەرکوک دەکات.
محەممەد سەمعان پارێزگاری کەرکوک لە فەیسبوک پەیامێکی پیرۆزبایی بە بۆنەی 128ـەمین ساڵڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ڕۆژنامەگەریی کوردی بە درێژایی مێژوی خۆی، ڕۆڵێکی گرنگی لە گواستنەوەی ڕاستییەکاندا بینیوە.
گوتیشی، رۆژنامەگەریی کوردی شانبەشانی ڕۆژنامەگەریی عەرەبی، تورکمانی و سریانی خزمەتێکی زۆری پێشکەش کردووە هەموویان وەک یەک پرشنگدارن، بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی یادی ڕۆژنامەگەریی کوردی کرد.
لە بەشێکی پەیامەکەیدا کە ئاراستەی ڕۆژنامەنووسانی کەرکوکی کردووە، داوای لێکردوون هەمیشە وەک یەک تیم و خاوەن هەڵوێست لەگەڵ برا ڕۆژنامەنووسە عەرەب، تورکمان، کلد وئاشوورییەکاندا کار بکەن.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، ئیدارەی کەرکوک پێداگرە لەسەر پشتگیریکردنی کاری پیشەیی و نیشتمانیی میدیاکاران و بەدەستهێنانی مافەکانیان. جەختیشی لە پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان کردەوە بۆ ئەوەی ببنە پاڵپشتێک بۆ هەوڵە حکومی و خزمەتگوزارییەکان.