نورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە و شاندێکی ئاوارەکانی سەرێکانی تاوتوێی میکانیزمی ئامادەکارییەکانی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوەرەکان و پاککردنەوەی ناوچەکە لە مین و وەرگرتنەوەی موڵک و ماڵی دانیشتووانی سەرێکانییان کرد.
نورەدین ئەحمەد، لە کۆبوونەوەکەدا، باسی لە گرنگی بەهێزکردنی ئاشتەوایی لە ناوخۆ و پەرەپێدانی ڕۆحییەتی ژیانی هاوبەش کردووە و گوتوویەتی، پێویستە کاری زیاتر بۆ ڕێخۆشکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکان ئەنجامبدرێت.
هەروەها زەهرا سامۆ، ئەندامی شاندی ئاوارەکانی سەرێکانی بە ئاژانسی هەواڵی هاواری گوتووە، تاوەکو ئێستاش تیمەکان بەردەوامن لە کۆکردنەوەی مین لە ناوچە مینڕێژکراوەکان و ئاماژەی بەوەشکردووە، هیچ کاتێکی دیاریکراویش بۆ گەڕانەوەی ئاوەرەکانی سەرێکانی دەستنیشاننەکراوە و چاوەڕوان دەکرێت سەرجەم ئاوەرەکان بە سێ قۆناغ بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان.
دەشڵێت، لە سەرەتادا دانیشتوانی گوندەکانی "زڕگان" و "تلتەمر" دەگەڕێنەوە و هاوکات ئەو 300 خێزانەی کە لە ئێستادا لە گەڕەکی "خوێرانێ" لە سەرێکانی نیشتەجێکراون ناوچەکە بەجێدەهێڵن.
ئەوەشی گوتووە، لەگەڵ پارێزگاری حەسەکە تاوتوێی پشتگیری خزمەتگوزاری لەلایەن حکومەتی کاتیی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە کراوە.
