وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، هێرشکردنە سەر نێردە دیپلۆماسییە عەرەبیی و بیانییەکان ''هێڵی سورە'' و ڕێگە بە هیچ پێشێلکارییەک نادەن.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، ئەمڕۆ چوارشەممە کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی بۆ پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان و باڵیۆزخانەکان بەڕێوەچوو ئەمەش، لە چوارچێوەی پابەندییەکانی عێراق بە رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان.
لە کۆبوونەوەکەدا، ئەحمەد نایف دلێمی، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ کاروباری تەکنیکی و کارگێڕی جەختی لەوە کردەوە، هێرشکردنە سەر نێردە دیپلۆماسییەکان هێڵی سورە و گرتنی ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنیان دەگیرێتەبەر.
ئاماژە بەوەشکراوە، پێویستە ڕێنماییەکانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە وردی جێبەجێ بکرێن بۆ تێکشکاندنی هەر هەوڵێک کە باڵیۆزخانەکان یان کارمەندەکانیان بکاتە ئامانج.