ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، لە زاری چەند سەرچاوەیەکی هەواڵگریی ئەمریکاوە بڵاویکردووەتەوە، دوای نزیکەی دوو هەفتە لە بۆردومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، ڕژێمی ئێران هێشتا تا ڕادەیەکی زۆر وەکو خۆیەتی و مەترسی داڕمانی لەسەر نییە.
یەکێک لە سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا، ڕایگەیاندووە، ڕاپۆرتەکانیان ئەوەیان ئاشکراکردووە، هەرچەندە هیرشەکە گەورەترین ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەمریکایە لە دوای ساڵی 2003، بەڵام زانیارییەکانیان جەخت لەسەر یەکگرتوویی سەرکردایەتیی ئێران دەکەنەوە، سەرەڕای کوژرانی عەلی خامنەیی.
هاوكات، بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل، لەم بارەیەوە بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، بەرپرسانی ئیسرائیل لە گفتوگۆ نهێنییەکاندا، دانیان بەوەدا ناوە، کە هیچ دڵنیاییەکیان نییە جهنگهكه دەبێتە هۆی داڕمانی ڕژێمی ئێران.
لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، کۆمەڵێک ئامانجی ئێرانیان پێکاوە، لەوانە بەرگری ئاسمانی، بنکە سەربازیی و ئەتۆمییەکان و ئەندامانی سەرکردایەتی باڵا، جگە لە خامنەیی، دەیان بەرپرسی باڵا و بەشێک لە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسدارانی ئێرانیان کوشتووه، لەگەل ئەوەشدا هێشتا ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن، سوپای پاسداران و ئەو سەرکردە کاتیانەی کە دوای كوژرانی خامنەیی، دەسەڵاتیان گرتوەتە دەست، کۆنترۆڵی وڵاتەکەیان کردووە.