ڕاستەوخۆ

هەنگوینی کوردستان باشترین جۆرەکانی هەنگوین لە جیهاندا

reset font size increase font size


کوردستان بەهۆی هەڵکەوتەی شوێن و کەشوهەوا و سرووشتەکەیەوە بە چەندین بوار بەناوبانگە، وەک بەرووبوومی میوە و کشتوکاڵ، ئاژەڵداری و هەنگوینی شاخەکانی.

هەنگوینی باکووری کوردستان یەکێکە لە باشترین جۆرەکانی هەنگوین لەسەر ئاستی جیهان، کە لە ڕێگەی کۆمپانیایەکەوە دەگەیەنێرێتە بازاڕە جیهانییەکانی ئەوروپا، ئاسیا، ئەمریکا و کەنەدا، ساڵانە چوار هەزار تۆنی لێ دەفرۆشرێت.

ئیبراهیم دۆغان، خاوەنی کۆمپانیاکە لە سیواسی باکووری کوردسانە، بە میدیای تورکی ڕاگەیاندووە: "ئەوان هەنگوین لە هەنگەوانانی ناوچەکانی سێواس، ئەرزنجان و ئەرزەڕۆم دەکڕنەوە، چونکە هەنگەکان شیلەی گوڵە سروشتی و خۆڕسکەکانی کوێستانەکانی کوردستان دەمژن، کوالێتیی هەنگوینەکە زۆر بەرزە و خواستی زۆری لەسەرە".

ئیبراهیم دۆغان، دەشڵێت: "هەنگوینی شانە، یەکێکە لە بەرهەمە هەرە داواکراوەکان و بە تەواوی سروشتییە".

ناوەندی سەرەکیی دابەشکردنی کۆمپانیاکە لە نەمسایە و لەوێوە بەرهەمەکانیان بۆ فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، بەریتانیا و تەواوی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا دەنێرن، هەروەها هەنگوینەکە گەیشتووەتە وڵاتانی عەرەبی، ئاسیا، ئەمریکا و کەنەدا.

هاوکات، کارگەی کۆمپانیاکە لە ناوچەی پیشەسازیی سێواسە و دوای پشکنینی ورد و دڵنیابوونەوە لە کوالێتییەکەی، هەنگوینەکە لە پاکەت دەنرێت و ڕەوانەی بازاڕەکان دەکرێت.
کۆمپانیا کوردییەکەی باکووری کوردستان، لە ساڵی 1995ـەوە دامەزراوە، ساڵانە نزیکەی چوار هەزار تۆن هەنگوین بۆ فرۆشتن دەنێرێتە بازاڕەکانی دەرەوەی تورکیا.

لە سێ ساڵی 2023ـشەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی ساغکردنەوە و هاوکاریکردنی بەرهەمی هەنگەوانان ساڵانە بڕێکی زۆری هەنگوینی باشووری کوردستان هەناردەی دەرەوە دەکات.

عارف شێروانی، سەرۆکی کۆمەڵەی هەنگەوانانی هەرێمی کوردستان دەڵێ، بەرهەمی ساڵانی هەنگوینی هەنگەوانانی هەرێمی کوردستان 110 – 120 تۆنە. لە چەندین پێشبڕکێی جیهانیش لەسەر هەنگوین، هەنگوینی هەرێمی کوردستان پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە، ئەمەش بەهۆی کەشوهەوا لەبارەکەی و هەبوونی گوڵی دڕکاوی، بەتایبەتی لە ناوچە کوێستانییەکان.

عارف شێروانی، دەشڵێ، ساڵی 2009، لە فەرەنسا لە پێشبڕکێیەکی دا تایبەت لەسەر هەنگوین ئەنجام درا، هەنگوینی هەرێمی کوردستان پلەی یەکەمی بەدەستهێنا لەسەر ئاستی جیهان، ئێستاش بەهەمان شێوەیە و خاوەنی 15 هەزار هەنگوانانن و 800 هەزار سندووقی هەنگیشیان هەیە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.