ڕاستەوخۆ

هەنگاوی نوێی ئەمریکا، ئاشتی یان تەڵە؟

reset font size increase font size

ئا: ڕێژنه‌ سه‌ردار

دوێنێ جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا پێی نایە "24"ـەمین ڕۆژەوە و کۆمەڵێک پێشهاتی جیاواز هاتە ئاراوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێش تەواوبونی ئەو وادە 48 کاتژمێریەی بۆ ئێرانی دانابوو، تاوەکو گەرووی هورمز بکاتەوە، بە شێوەیەکی کتوپڕ ڕایگەیاند، بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ هێرشەکانیان بۆسەر ئێران ڕادەگرن و گفتوگۆی بنیاتنەریان لەگەڵ تاران ئەنجامداوە بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەکان.

ترەمپ وتی، لەگەڵ بەرپرسێکی پلە باڵای ئێران لە پەیوەندیداین کە "زۆر بەڕێزە" و موجتەبا خامنەیی نییە، هەردوولا لەسەر "پرسگەلێکی گەورە" ڕێکدەکەوین.

لەبەرامبەردا، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، وەڵامی دایەوە و گوتی، هیچ دانوستانێکیان لەگەڵ ئەمەریکا نییە و لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بەم بابەتە بۆ "دابەزاندنی نرخی نەوتە".

ئەم پێشهاتە، کۆمەڵێک پرسی نوێی هێناوەتە ئاراوە، دانوستان و نێوەندگیریی نێوان ئەمریکا و ئێران کێ بەڕێوەی دەبات؟

بۆچی واشنتن بڕیاری ڕەوانەکردنی هێزی سه‌ربازیی دیكه‌ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات؟

ئەم هەوڵانە بەڕاستی بۆ رێکەوتن و دیپلۆماسین یان تاکتیکی فشار و “تەڵە”ی سیاسین؟

 

هێزی زیاتر بۆ ناوچەكه‌، نیشانەی شەڕ یان فشار؟

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ئەمریکا بڕیاریداوە دوو کەشتیی جەنگیی لە ژاپۆنەوە بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بنێرێت، کە زیاتر لە دوو هه‌زار و 200 سەربازی دەریایی لەخۆدەگرێت، چاوەڕێ دەکرێت بەرەو گەرووی هورموز  بڕۆن.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، کەشتییەکی جەنگیی دیكه، کە ئێستا لە کالیفۆڕنیا جێگیرکراوە، بە فەرمانی دۆناڵد ترمپ بەرەو ناوچەکە دەچێت، ڕۆژنامەکە ئەم هەنگاوەی بە  تاکتیکی فشاری سەربازیی بۆ سەر ئێران ناوبردووە.

ئەمە شێوازێکی ناسراوی سیاسەتی ئەمریکایە بەناوی "گفتوگۆ لە ژێر سایەی هێز" واتە هێرش و گفتوگۆ لەیەک کاتدا بەکاردەهێنرێت بۆ زیادکردنی فشار و گەیشتن بە باشترین ڕێککەوتن.

لە دۆخی ئێستادا، ئاماژەکان دوورن لە گەیشتن بە ڕێکەوتن و ئاشتی، بەهۆی بەردەوامیی هێرشەکان، نەبوونی متمانە و ڕەتکردنەوەی ئێران، بەڵام لە لایەکی دیکەوە،  بوونی نامە و پەیوەندی ناڕاستەوخۆ، بەشداری وڵاتانی ناوچەكه‌ و فشارە ئابوورییەکان و بەرزبونەوەی نرخی نەوت، هیوابەخشن.

 

تەڵە یان دیپلۆماسیی ڕاستەقینە؟

بە گوێرەی ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا، ئەمریکا چەندین جار لە ناوەڕاستی دانوستاندنەکاندا و لە گەرمەی بانگەشەی ئاشتیدا هێرشی کردە سەر ئێران،  بۆیە دەکرێت ئەمجارەش تاکتیکی “تەڵە” و "کاتکوشتن" بێت، زیادکردنی هێزی سەربازیی و ناردنی کەشتیەکان بەرەو ناوچەکە له‌ لایه‌ن ئەمریکاوە، دەکرێت ئاماده‌کاریی سەربازیی بێت، بۆ هێرشی زەمینی بۆسەر ئێران و بەتایبەتیش دورگەی خارگ و کۆنترۆڵکردنی گەروی هورموز، وەک چۆن دوێنێ ترمپ لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا گوتی، لەمەودووا گەرووی هورموز لەلایەن من و "ئایەتوڵا"یەکەوە به‌ڕێوه‌ دەبرێت.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.