وەزارەتی دارایی عێراق پرۆسەی وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کۆتایی پێهێنا؛ بڕیارە هەفتەی داهاتوو هاوتەریب لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی عێراق، پارەی مووچەی هەرێمی کوردستانیش ڕەوانە بکرێت. ئەمەش لەکاتێکدایە کە هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن.
وردبینیی لیستەکان تەواو بووە
بەگوێرەی زانیارییەکانی نووچە تیڤی، ڕێکارە کارگێڕی و داراییەکانی ناردنی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێم لە بەغدا گەیشتوونەتە قۆناخی کۆتایی. وەزارەتی دارایی عێراق وردبینییەکەی تەواو کردووە و ڕێکاری پێویستی گرتووەتەبەر بۆ خەرجکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە هەفتەی داهاتوودا.
سەرڕای ئەم پێشڕەوییە، کێشەی بڕی ئەو داهاتە ناوخۆییەی کە پێویستە هەرێمی کوردستان ڕادەستی بەغدای بکات، هێشتا وەک گرێکوێرەیەک ماوەتەوە و بڕە پارەکە دیاری نەکراوە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نوێترین لێدوانیدا دەڵێت: "ئەو 120 ملیار دینارەی بەغدا وەک داهاتی ناوخۆ داوای دەکات، نایاساییە و لە هەوڵداین ئەو بڕیارە هەڵبوەشێنینەوە." پێشتریش وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندبوو کە توانای دابینکردنی بڕە پارەیەکی لەو شێوەیەیان وەک داهاتی ناوخۆ نییە بۆ ئەوەی بینێرن بۆ بەغدا.
سیستمی ئەسیکۆدا و هیوایەکی نوێ بۆ چارەسەر
لە نوێترین پێشهاتیشدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پشتگیریی خۆی بۆ لێکتێگەیشتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر جێبەجێکردنی سیستمی گومرگیی ئەسیکۆدا (ASYCUDA) نیشان دا.
بڕیارە هەفتەی داهاتوو شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی گفتوگۆکردن و یەکلاکردنەوەی ئەم دۆسیانە سەردانی بەغدا بکات. چاودێران پێیان وایە کارکردن بەم سیستمە نوێیە گومرگییە و لێکتێگەیشتنی لایەنەکان، کاریگەریی ئەرێنیی ڕاستەوخۆی لەسەر پرسی مووچە دەبێت و ڕێگری دەکات لە دروستبوونی گرفتی نوێ لەبەردەم ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم.