ئەمڕۆ، ڕێک چل ساڵ بەسەر کۆچی دوایی یەکێک لە دیارترین پێنوس و پێشەنگەکانی مێژووی هاوچەرخی کورد، مامۆستا هێمن موکریانیدا تێدەپەڕێت. زۆرجار هێمن تەنها وەک شاعیرێکی ڕۆمانتیک و نەتەوەیی دەناسرێت، بەڵام دەکرێت کاروانی ژیانی ئەم شاعیرە وەک سیاسییەکی بە ئەزموون بخوێندرێتەوە، کە لە پشت زۆربەی وێستگە هەستیارەکانی مێژووی سەد ساڵی کوردا خۆی مەڵاس داوە.
ئەمە چیرۆکی سەرکردەیەکە کە سیاسەت فێری کرد پێنوسەکەی بکاتە چەک و لە سەردەمی بێئومێدیشدا، فەرهەنگ بکاتە سەنگەری بەرگری.
چیرۆکی ئەم تێکۆشانە لە خانەقای شێخی بورهانەوە دەست پێدەکات. لەوێ گەنجێک بە ناوی (سەید محەمەد ئەمین)، لەبری ئەوەی تەنها بە خوێندنی ئایینییەوە خەریک بێت، کەچی ئاگری سینەی بڵێسەیدا و وڵاتی ڕۆشن کرد.
هەر ئەمەش پاڵی پێوەدەنێت بەشداری لە خەباتی سیاسیدا بکات. لە ساڵی 1942، بە نهێنی دەچێتە ناو ڕیزەکانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد (ژێکاف). لە سەردەمێکدا کە کاری سیاسی یاری کردن بوو بە ئاگر، مامۆستا هێمن بووە پێشەنگێکی هەرە چالاک بۆ بەدەستهێنانی مافی گەلەکەی، بۆ ئەوەش خەباتی سیاسی بە فەرمی و بە ئاشکرا دەستپێ دەکات و دەبێتە یەکێک لە دامەزرێنەرانی حزبی دیموکراتی کوردستان.
لە ساڵی 1946دا، بە ڕاگەیاندنی تاقانە کۆماری کوردستان، مامۆستا هێمن گەیشتە ترۆپی ئارەزوو، لەوەو بەدوا چیتر کادرێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو بووە سکرتێری متمانەپێکراوی حاجی بابەشێخ، سەرۆکوەزیرانی کۆمار و ڕاستەوخۆ چووە ناوەندی بڕیارەوە.
هەر لە دەستپێکی کۆماردا، پێشەوا قازی محەمەد، بەهۆی ڕژدی، لێزانین و ڕەوانبێژییەکەیەوە، هێمنی وەک شاعیری نەتەوەیی ناساند. ڕۆژنامە و بڵاوکراوەکانی وەک ڕۆژنامەی کوردستان و هاواری کورد، کە کۆماری کاردستان دەری دەکرد، سەکۆیەک بوون بۆ بڵاوکراوە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی مامۆستا هێمن.
لەمێژە چارەنووسی شاعیرانی کوردی هەر وایە، پاش کشانەوەی سۆڤیەت و هێرشی شای ئێران، کۆماری مەهاباد دەڕوخێت، هێمنیش ئیدی لەگەڵ چارەڕەشی و دوورەبەشی و نەگبەتی دەرگیر دەبێت، لەکاتێکدا زۆرێکی ئەندامان و هاوڕێیانی دەستگیرکران و ڕادەست بوون، کەچی هێمن بەرەو تاریکی نەکشا و بەرەو ئاسۆ باڵی گرت.
باشووری کوردستان، بووە پەناگە و مەڵبەندی ژیانی هێمن، سارد و گەرمی ڕۆژگار لەوێش سێبەری مەرگی پێ چەشت، لە سلێمانی لەلایەن دەسەڵاتدارانی پاشایەتیی عێراقەوە دەستگیر دەکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، زیندان و غەریبی نەیانتوانی ئاگری سینەی بکوژێننەوە، بەڵکو بڵێسەی ئەو ئاگرە وڵاتی ڕۆشن کرد و بووە خاکی بەرپێی تێکۆشەرانی کورد.
لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی 1979 و ڕووخانی ڕژێمی پەهلەوی، هێمن گوڵی هیوای پشکوت و گەڕایەوە مەهاباد، بۆ ئەوەی پەیامی ڕانەگایندراوی کۆمار بە گوێیدا خەڵکیدا بچرپێنێتەوە. بەڵام هەموو شتێک گۆڕا و هێمنیش دەربەدەر بووەوە.
دواجار تەمەن هێمنی بردەوە جێژوانی شەوانی لاویەتی و لە ساڵی 1985 لە شاری ورمێ، گۆڤاری (سروە)ی دەرکرد. سروە لەو سەردەمەدا تەنها بڵاوکراوەیەکی وێژەیی نەبوو، بەڵکو پڕۆژەیەکی سیاسیی ورد بوو بۆ پاراستنی شوناس، زمان و یادەوەریی نەتەوەیەک.
بەم شێوەیە، ئەو کوڕە شێخەی لە خانەقاوە چرۆی کرد، لە کۆماردا قەدی گرت و لە ئاوارەییدا ناسۆری چێشت، لە 16ـى نیسانی 1986 دا بۆ هەمیشە یاد و یادەورییە مەزنەکەی بەدوای خۆیدا جێهێشت.