هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران و ناوچە جیاجیاکانی ئێران لە شەوی هەینییەوە تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەردەوام بوون و بە گوێرەی ڕاپۆرتە فەرمییەکان، تاران و شارەکانی کەرەج، ئەسفەهان، کاشان و ئەراک ڕووبەڕووی هێرشی زۆر سەخت بوونەتەوە و دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە چەندین ناوچەی تاران بیستراوە.
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، ئامانجی هێرشەکان بنکە سەربازییەکان، کارگەکانی بەرهەمهێنانی موشەکی بالیستی و سایتە ئەتۆمییەکانی وەک کارگەی یۆرانیۆمی یەزد و ئاوی قورسی ئەراک بووە. هاوکات لە شیراز، زنجان، کرماشان و بوشەهریش دەنگی تەقینەوە بیستراوە.
لە بەرانبەردا، ئێران شەپۆلێکی نوێی هێرشی موشەکی و درۆنی بۆ سەر ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەستپێکردووە. میدیاکانی سعودیە، ئیمارات و بەحرەین ڕایانگەیاندووە، بەرپەرچی چەندین موشەک و درۆنی ئێرانییان داوەتەوە کە ئاراستەی خاکی وڵاتەکانیان کراوە.
لە ئەنجامی هێرشە موشەکییەکانی ئێران بۆ سەر بنکەی ئاسمانی ئەمیر سوڵتان لە سعودیە، 12 سەربازی ئەمریکی بریندار بوون کە باری تەندروستی دووانیان ناجێگیرە.
هەروەها، میدیاکانی ئێران باس لە پێکانی فڕۆکەیەکی ئێف 16ـى ئەمریکا، لەلایەن هێزی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکەیانەوە دەکەن. بەڵام سێنتکۆم، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ڕایانگەیاندووە، فڕۆکەکەی بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە، لە خاکی سعودیە نیشتووەتەوە.