دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، هێرشی درۆنیی کرایە سەر حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سێ پێشمەرگە بریندار بوون، برینی دوانیان سەختە.
کامەران عوسمان، ئەندامی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی ڕایگەیاند، کاتژمێر 4:35 خولەکی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ 14ـی نیسانی 2026، سوپای پاسدارانی ئێران بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر کامپی پەنابەرانی کوردانی ڕۆژهەڵات لە ناحیەی سورداش، بەهۆیەوە سێ پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان برینداربوون و برینی دووانیان سەختە.
هاوکات، دژەتیرۆری کوردستان (پارتی) لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، ئەمڕۆ سێشەممە کاتژمێر 5:04 خولەک دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو کە لە خاکی ئێرانەوە ئاڕاستەی پارێزگای هەولێر کرابوون، لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە تێکشکێندران و خرانە خوارەوە، دەشڵێت، هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانی و مادییان نەبووە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی نوچە تیڤی، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ 14ـی نیسانی 2026، دوای هێرشەکان بۆ سەر کامپی پەنابەرانی کوردانی ڕۆژهەڵات لە ناحیەی سورداش، بە درۆن هێرشکرایە سەر کۆیەش، هەروەها لە ئاسمانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش، دوو درۆن تێکشێنران.
ئەم هێرشە درۆنییانە لەکاتێکدایە، ئاگربەست لە نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ ماوەی دوو هەفتە ڕاگەیەنراوە، ئەمە دووەم هێرشی درۆنییە لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست کە بکرێتە سەر ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان.