تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، پرۆسەی چارەسەری گەورەترین دەرفەتی مێژووییە لەبەردەم تورکیادا و لە ئێستادا کۆمەڵگە، زیندانییانی سیاسی و نەخۆش، گەریلا و کەسانی تاراوگە چاوەڕێی هەنگاوە یاساییەکانی پرۆسەکە دەکەن.
باکرهان لە میانی کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی دەم پارتیدا، هۆشداریدا لە دواخستنی یاسای چوارچێوەی پرۆسەکە بۆ وەرزی پاییز و رایگەیاند: "پێویستە ئامادەکردنی یاسای چوارچێوە دوانەخرێت؛ دواخستنی ئەم یاسایە دروستکردنی بەربەستێکی نوێ دەبێت لەبەردەم بەدیهێنانی ئاشتیدا."
هاوسەرۆکی دەم پارتی جەختی لەسەر پێویستیی گشتگیربوونی یاساکە کردەوە و وتی: "پێویستە یاسای چوارچێوە روون و ئاشکرا بێت. هەندێک بەرپرس لەناو حکومەتدا دەڵێن یاساکە هەندێک کەس دەگرێتەوە و هەندێکی دیکە ناگرێتەوە؛ دەبێت حکومەت خۆی لەم زمانە بەدووربگرێت و یاساکە گشتگیر بێت."
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، باکرهان لەبارەی بەڕێوەچوونی لووتکەی باڵای ناتۆ لە ئەنقەرە رەخنەی توندی گرت و وتی: "کۆبوونەوەکە دەرەنجامی باشی نابێت، چونکە ناتۆ ئەندازیاری بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندنە، نەک بەدیهێنانی ئارامی و ئاسایش لە جیهاندا."