ئهمڕۆ ههینی، 10ـی نیسانی 2026 بنیامین نەتهنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویكردووهتهوه ڕایگەیاند، بڕیاریداوه نوێنهرانی ئیسپانیا له "ناوەندی هەماهەنگی سەربازیی ومەدەنی" دهر بكات، كه ناوەندێکی گرنگە بۆ جێبەجێکردنی پلانی ئاشتیی ئەمریکا بۆ غەززە.
ئەم بڕیارە توندەی نهتهنیاهۆ، دوای ئەوە دێت کە سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ڕەخنەی توندی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە ئێران و لوبنان گرت.
نهتهنیاهۆ لە پەیەمەکەیدا دهڵێت: "ئیسپانیا سوکایەتی بە پاڵەوانەکانمان و سەربازانی سوپای بەرگریی ئیسرائیل کردووە، کە بەڕەوشترین سوپای جیهانه".
هەروەها جەختی کردەوە، کە ئیسرائیل ڕێگە نادات هیچ وڵاتێک بەبێ باج "جەنگی دیبلۆماسی" دژی دەوڵەتەکەی بەرپابکات.
ئەمە لە کاتێکدایە گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات کاتێک گەیشتە لوتکە، کە پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر لوبنان بە "پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان" و "بێبایەخکردنی ژیانی مرۆڤ" وەسفکرد.
هەروەها ئیسپانیا، ڕۆژی 9ی نیسان، بڕیاریدا باڵیۆزخانەکەی لە تاران بکاتەوە و ئاسمانی وڵاتەکەی بە ڕووی ئەو فڕۆکانەدا دابخات، کە بەشدارن لە ململانێکاندا.
ناوەندی هەماهەنگی سەربازیی ومەدەنی، له لایەن فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا "سێنتکۆم"ەوە سەرپەرشتی دەکرێت و ئامانجی ڕێکخستنی هاوکارییە مرۆیی و ئەمنییەکانە بۆ کەرتی غەززە.